بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک، ئاماژە بەوەدەکات جموجۆڵی داعش بەشێوەیەک زیادیکردووە، هێزە عێراقیەکان کەوتوونەتە حاڵەتی بەرگری و هێزەکانی داعش لە حاڵەتی هێرشکردندان، هێزێکی زۆریان لەسوریاوە بۆ عێراق هاتووە و ڕۆژانە پەلاماری دەزگا ئەمنیەکان دەدەن، تائێستا زەوییان بەدەستەوەیە، شانەی نوستوو و ڕاگەیاندنیان هەیە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید سەرحەد قادر دەڵێت"سنوری نێوان عێراق و سوریا کۆنترۆڵ نەکراوە، داعش بە ئاسانی هاتووچۆ دەکەن، هێزە عێراقیەکان قورساییان خستووەتە ناو شار و شارۆچکەکان، لەکاتێکدا گوند و دەشتاییەکان هێزی پێویستیان تێدا نیە و داعش بەکاری دەهێنن."
بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک ڕوونیکردەوە، داعش بەردەوام گۆڕانکاری لە فەرماندە سەربازیەکانیدا دەکات، تا دەزگا ئەمنیەکان زانیاریان نەبێت لەسەریان، هەندێک کاتیش گۆڕانکاریەکان بۆ ئەوەن، نەک لینک لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکاندا دروست بکەن، بەردەوام گۆڕانکاری لە کەتیبەکانی ئەندازیاریشدا دەکەن، ئەوان تاکتیکی خۆیان گۆڕیووە، ئەزموونی باشیان هەیە لە شێوازی شەڕ و خۆپاراستن و هێرش کردن.
بەپێی وتەی عەمید سەرحەد قادر، شانە نوستووەکانی داعش بە ناسنامەی ساختەوە، دزەیانکردووەتە نێو شار و شارۆچکەکان، چونکە ئەو ناوچانە بۆ ئەوان جێی گومان نین، کاتێک داعش توشی شکست بوو، دەرفەتی قۆستەوە و خەڵکێکی زۆری ناردە ناو شارەکان، ئێستا ئەوان سود لەو شانانە بۆ قۆستنەوەی دەرفەت دەبینن.
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاوناحیەکانی کەرکوک، ڕوونیشیکردەوە سنوری حەویجە و قەزاو ناحیەکان لەگەڵ زنجیرە چیای حەمرین، ناوچەیەکی زۆر فراوانە، هێزی پێویستیان بۆ ڕاوەدوونانی داعش تێدا نیە، ئینجا 4 ساڵە خەڵکیان لێ دەکوژرێت، کەس و کاری هەموو ئەو کوژراوانە ئینتیمایان بۆ داعش هەیە، ئەمەش وایکردووە ڕێنوێنیکەریان زۆر بێت.
دەقی وتووێژی دڵشاد ئەنوەر لەگەڵ عەمید سەرحەد قادر: