Accessibility links

نێردراوی یو ئێن بۆ یەمەن سەردانی ئێران دەکات


نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتی یەمەن، بە سەردانێک دەگاتە ئێران بۆ وتووێژکردن لەسەر ئەو شەڕەی لە هەژارترین وڵاتی جیهانی عەرەبیدایە.

ئەم سەردانەی مارتن گریفس، یەکەمین سەردانیەتی بۆ تاران و ئۆفیسەکەیشی دەڵێت لەم سەردانە دوو ڕۆژییەیدا، وەها بڕیارە لەگەڵ موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێراندا کۆببێتەوە.

ئەم کۆبوونەوانەش بەشێکە لە هەوڵێکی بەرفراوانتر بۆ دانوستاندن لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرییەکی سیاسی بۆ ئەو قەیرانە بەردەوامەی نزیکەی 6 ساڵە هەیە لە نێوان سەرهەڵداوانی حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی یەمەندا کە هاوپەیمانێتییە لەشکریەکەی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە پشتیوانی دەکات.

ئەم سەردانەش تەنها چەند ڕۆژێکە پاش ڕاگەیاندنەکەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئەو شەڕەی هاوپەیمانێتی بەسەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە دەیکات دژ بە حوسییەکان.

ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا، جارێکی تر تیشکی خستەوە سەر خراپترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا و زۆرێکیش لە یەمەنییەکان و ڕێکخراوەکانی بەهاناوە چوون پێشوازییان لەو هەنگاوە کردووە و هیوای ئەویشیان هەیە ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتدا هەوڵەکان بۆ دانوستاندنی ئاشتی لە یەمەنی بە شەڕ وێرانبوودا زیاتر بکات.

ئۆفیسی نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن دەڵێت "ئەرکی سەرەکی و بە پەلەی مارتن لە تاران، فشارکردنە بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەسەر ئاستی وڵاتەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی مرۆیی و دەستکردنەوەیە بە پرۆسەی سیاسی."

ئەم سەردانەش وەک ئۆفیسی مارتن گریفس دەڵێت "بە ماوەیەکی زۆر بەر لە ڕاگەیاندنەکەی بایدن، بڕیار هەبووە بۆ ئەم سەردانە."

حوسییەکانی یەمەن لە ساڵی 2014دا دەستیان گرت بەسەر شاری سەنعا، پایتەختی وڵاتەکە و بەشێکی فراوانی باکوری یەمەنیشدا. پاش چەند مانگێکیش شانشینی عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و ژمارەیەک وڵاتی تریش هەڵمەتی بۆردومانکردنیان دەستپێکرد بۆ ڕاوەدوونانی حوسییەکان و گێڕانەوەی ئەو حکومەتەی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی دانیپێدانراوە.

ئێران، وەها لە شەڕی یەمەن و هاوکاریکردنی سیاسی و سەربازی و لۆژیکی حوسییەکان دەڕوانێت کە دەرفەتێکی یارمەتیدەرە بۆ تاران لەو شەڕە ڕانەگەیەندراوەی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەدا هەیەتی، بەپێی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی و هەروەها شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان. تاران بەردەوام ئەو لێدوانانەی ڕەتکردۆتەوە، هەرچەندە بەڵگەش هەن.

شەڕەکانی ناو یەمەن بوونەتە کوژرانی زیاتر لە 130 هەزار کەس و بە ملیۆنان خەڵکیشی گەیاندۆتە لێوارەکانی برسێتی.

XS
SM
MD
LG