Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: یاسین حوسەین


وەرگێڕانی دەقێک کارێکی ئاسان نییە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، چونکە وەک دەگوترێت کردەی وەرگێڕان هیچی کەمتر نییە لە نوسینی دەقێک و بەڵکو لەوانەیە لە هەندێک ڕەهەندیشەوە گرنگتریش بێت.

وەرگێڕان بەشێکی گەورە و گرانی ئاشنابوونی کلتور و فەرهەنگەکانە.

لە وەرگێڕاندا زۆر گرنگە وەرگێڕ شارەزاییەکی بەرفراوانی هەبێت لە هەردوو زماندا، تا بتوانێت خوێنەری خۆی یان بیستەریش تێبگەن لە وەرگێرانەکەی.
لەمەش گرنگتر ئەوەیە کەسی وەرگێڕ، پێویستە خاوەنی تواناییەکی گەورە بێت لە وەرگێڕاندا و لە ڕێی داڕشتنی وەرگێڕانەکەیەوە و لە ڕێی وابەستە بوونی بەو تێکستەی کاری وەرگێڕانی لەسەر دەکات، بە ئەندازەیەک لە پێناو مانا و مەبەستدا دوور نەکەوێتەوە لە هزری نوسەری یەکەم و مانا و ڕستە و دەستەواژەکان نەگۆڕێت و وەهایان لێبێت نەتوانرێت لەگەڵ دەقی یەکەمەدا بەراورد بکرێن.

هەر بۆیە لێرەدا پێویستە ڕێزمان و ماناکانی دەستەواژە و وشەکانیش وەها بناسێت کە هیچ کێشەیەکی نەبێت لەگەڵ داڕشتنەوەی دووهەمی دەقەکەدا، جا بە هەر زمانێکی تر بێت.

هەندێک وشە هەن لە هەموو زمانەکانی دنیادا، چەند بەکارهێنانێکیان هەیە و بەپێی شوێنیان لە ڕستەدا ماناکانیان دەگۆڕدرێن، ئەگەر وەرگێڕ نەتوانێت ئەم جیاوازیانە بکات و پێیان نەزانێت، ئەوا بێگومان وەرگێڕانەکەی کرچ و کاڵ و بێ پێز دەبێت.

بێ لەوەش شارەزایی لە ئەفسانەکان و کلتورەکانیشدا گرنگن، بەوپێیەی هەر نەتەوەیەک خاوەنی کلتور و فەرهەنگی تایبەت بە خۆیەتی. بۆ کاری وەرگێڕان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر هەر تەنها زانینی زمانەکان بەس نین، خۆ ئەگەر هەستی وەرگێڕان لەو کەسەدا نەبێت و کارەکە وەک ئەرکێکی ڕۆژانە سەیر بکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە نە دەتوانێت پەیام بگەیەنێت و نە دەشتوانێت خزمەت بە وەرگێڕان بکات.

پرۆفیسۆر جەمال نەبەز لە کتێبە ناودارەکەیدا (هونەری وەرگێڕان) دەنوسێت "وەرگێڕان دەورێکی گرنگ دەبینێت لە دامەزراندنی بنچینەی سامانی نەتەوایەتی و شارستانێتیدا."

مەبەستی سەرەکی لە ئەنجامدانی وەرگێڕان، گەیاندنی زانیارییەکانە بە خەڵکی زیاتر و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەکان و ئاشنابوونی کلتورەکانە و لادانی هەموو ئەو سنورانەیە کە ڕێگە بە تێکەڵبوونی کلتور و فەرهەنگەکان نادەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژێکی جیهانی تەرخان کردووە بۆ بەرز ڕاگرتنی وەرگێڕان.

یو ئێن، لە ساڵی 2017دا ڕۆژی 30 مانگی 9ی کردە ڕۆژی جیهانی وەرگێڕان.

مێژووی وەرگێڕان دێرینە و هەندێک لە سەرچاوەکان دەیگەڕێننەوە بۆ چەند هەزار ساڵێکی پێش زایین و بە درێژایی ئەم مێژووەش لە گەشەکردندا بووە.

یاسین حوسەین، وەرگێڕ، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی بەرنامەی ژیان لەفەرهەنگدا دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:00 0:00

XS
SM
MD
LG