Accessibility links

میتی تورکیا 2 هاوڵاتی لە ئوزبەکستان دەستگیردەکات


تورکیا دوو گومانباری دەستگیر کردووە و لە وڵاتی ئوزبەکستانەوە گەڕاندونیەتەوە بۆ تورکیا و دەڵێت ئەو دوو کەسە گومانبارن بە ئەندامێتی لەو بزووتنەوەیەی لۆمەی کودەتا سەرنەگرتووەکەی ساڵی 2016ی لە ئەستۆ نراوە دژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا.

ئاژانسی دەنگ و باسی ئەنادۆڵیا دەڵێت "دەزگای میتی تورکیا، لە کردەیەکی نهێنیدا، گوربوز سیڤیلای وە تەمەر ئاڤچی، دەستگیر کردووە و گەڕاندونیەتەوە بۆ تورکیا."

لەو ڕاپۆرتەی ئەنادۆڵیا، باس لە ڕۆڵی حکومەتی ئوزبەکستان و هەروەها دەزگا ئاسایشییەکانی ئەو وڵاتە نەکراوە لەو کردە نهێنییەی دەزگای میتی تورکیا.

گوربوز و تەمەر گوناهبار کراون بەوەی ئەندامی ڕێکخراوەکەی فەتحوڵا گولەنن. گولەن، نیشتەجێی ئەمەریکایە و ئانکەرە گوناهباری دەکات بەوەی وەک دەڵێت "پیلانی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی داڕشتووە."

گوربوز لە بەشی پیشەسازی لەشکریی تورکیادا کاری کردووە و بەوەش گوناهبار کراوە کە لە ڕێی نایاساییەوە چۆتە سوریا، وەک ئاژانسی دەنگ و باسی ئەنادۆڵیا نوسیویە " پەیوەندی کردووە بە بارەگای سەرەکی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانی کوردەوە."

دەزگای میت لە تورکیا وەک دەگوترێت، زۆرێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکەی گولەنی لە وڵاتانی وەک گابۆن لە ئافریکا و هەروەها کۆسۆڤۆ لە باڵکان دەستگیرکردووە و گەڕاندونیەتەوە بۆ تورکیا.

XS
SM
MD
LG