Accessibility links

د. غالب محەمەد لە شاری سلێمانیدا بە "چەقۆ" هێرشی کرایە سەر


ئێوارەی ئەمڕۆ د. غالب محەمەد پەرلەمانتاری عێراق لە شاری سلێمانیدا بە "چەقۆ" هێرشی کرایە سەر و یەکێک لە هاوڕێ پەرلەمانتارەکانی دەڵێت کە پێشتر زانیاری هەبووە لەسەر ئەوەی لەلایەن کەسانێکی نزیک لە پارتێکی سیاسیی کوردییەوە هەوڵی کوشتنی دەدرێت.

ئەمڕۆ هەینی و کاتژمێر ٦:٣٠ی سەرلەئێوارە، د. غالب محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانییەتی هیوا لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە لە بەردەم ماڵی خۆیاندا بە "چەقۆ" هێرشی کرایە سەر و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی شار و دوای نەشتەرگەریی، لە ئێستادا تە‌ندرووستی جێگیرە.

سەرکەوت شەمس، پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانییەتی هیوا و هاوڕێی د. غالب محەمەد لە تویتێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوە کردووە "پێشتر لەلایەن دەزگای هەواڵگری عێراقییەوە ئاگادارکراوەتەوە کە هەوڵی کوشتنی دەدرێت و ئەو کەسانەش سەر بە پارتێکی سیاسیی کوردیین."

دوای ڕووداوەکە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا نووسیویەتی "ئیدانەی هێرشکردنە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد ئەکەم و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان ڕاسپێردراون لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ڕووداوەکە بکەن و هێرشبەران ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە."

هەروەها نووسیویەتی "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەواڵی کاک غالببم پرسی و دڵنیامکردنەوه ئەم کارە ترسنۆکانە لە هیچ کەس قبوڵناکرێت."

دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا بە تەلەفۆن زانیاری لە د. غالب و دەزگا ئەمنییەکان وەربگرێت، بەڵام ئەوان نەیانتوانی لەم کاتەدا لێدوان لەسەر بابەتەکە بدەن.

XS
SM
MD
LG