ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی یەکێک لە ئەنجامدەرانی هێرشە موشەکیەکەی 15 ی مانگی ڕابردووی سەر شاری هەولێری بڵاوکردەوە کە بەهۆی ئاراستەکردنی چەند موشەکێک زیانی گیانی وماڵی کەوتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیروری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو تێیدا دەڵێت "دوای ئەوەی شەوی 15ی 2ی 2021 هێرشێکی موشەکی کرایە سەر شاری هەولێر و فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کە ژمارەیان 14 موشەک بوو و بووە هۆی گیانلەدەستدانی بەڵێندەرێکی بیانی و هاوڵاتیەکی عێراقی و برینداربوونی 5 سەربازی ئەمەریکی و دوو هاوڵاتی سڤیل، هێزە ئەمنیەکان هەرێمی کوردستان دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کرد و لەسەرەتادا ئەو کیایەی هەڵگری روکێتەکان بوو دۆزرایەوە و سەرەداوی باش بەدەست هێزە ئەمنیەکان کەوت لەئەنجامدا دەرکەوت چوار کەس ئەنجامدەری سەرەکی هێرشە تیرۆرستیەکە بوونە کە توانرا یەکێک لە ئەنجامدەرە سەرەکیەکەی هێرشەکە بەناوی حەیدەر حەمزە عەباس دەسگیربکرێت کە دانی بەتاوانەکەیدا نا و بەشێوەیەکی تەواو و باسی لە چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکە کرد".
ناسر هەرکی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " هەماهەنگی لەنێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە لە کردەوەکانی رابردووش ئەو هەماهەنگیە هەبووە و ئێستاش بەردەوامە، و هەر کەسێک تاوانبار بێت پێویستە دەسەڵات بە پێی یاسا ئیجرائاتی لەگەڵدا بکات و سزای بدات".
لەو گرتە ڤیدیۆیەی کە بڵاوکراوەتەوە حەیدەر حەمزە ئەو کەسەی کە دانی بەتاوانەکەیداناوەدەڵێت "کەسێکم ناسی سەر بە کەتائیبی سەیدولشوهەدایە بریارماندا کیایەک بکڕین بۆ ئەوەی هێرش بکەینە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، چووینە شوێنی هێرشەکە لە پشتەوەی عەلوە، موشەکەکان دروستکراوی ئێران بوون و موشەکەکان ئاراستەی فڕۆکەخانە کران و ئێمەش گەڕاینەوە موسڵ".
دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەشڵێت" لە دوای هاوبەشکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی فیدراڵ و هاوپەیمانان، ئەنجامدەرێکی دیکەی هێرشەکە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی فیدراڵ دەستگیرکراوە. دوو تاوانباری دیکەش ماون کە هەواڵ و بەدواداچوونەکان بەردەوامن لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە بۆ دەستگیرکردنیان، لەبەر ئەم هۆکارەش لە دانپێدادانەکانی حەیدەر حەمزە ناوی ئەنجامدەرانی دیکە لادراون و ئاشکرا نەکراون."
لەلایەکی ترەوە عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەو تۆمەتبارەی هێنراوەتە سەر تەلەفزیۆن، گوایە دەستی لە هێرشەکەی سەر هەولێردا هەبووە، ئێمە نایناسین".
هەروەها ڕوونیشیکردەوە دۆسیەی هێرشەکە هیچ پەیوەندیەکی بە حەشدی شعبیەوە نییە، و دەڵێت " هیچ بەڵگەیەک لەسەر تێوەگلانی حەشد لەبەردەست نییە، هەر بەڵگەیەک هەییە، دەبێت لەدادگا یەکلایی بکرێتەوە".
هێرشەکان بە هەولێرەوە نەوەستان، بەڵکو ئەمڕۆ چوار شەمە هێرشی موشەکی کراوەتە سەر سەربازگەی عەینولئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە بنکەی هاوپەیمانانی تێدایە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەش هێرشکراوەتە سەر هێزێکی هاوپەیمانان لە نزیک ئەبوغرێب.
چەند بەرپرسيکی عێراقی لەبارەی چڕکردنەوەی هێرشەکانەوە، بەدەنگی ئەمەریکایان گوت "هێرشەکان ئێران لە ڕێگەی گروپە شیعەکانی نزیک لە خۆیەوە ئەنجامیان دەدات، دەیەوێت هاوپەیمانان هەراسان بکات".
بەوتەی سەرچاوەکان، هێرشەکان فشاری ئێرانن، تا هێزەکانی هاوپەیمانان ناچار بە دانوستاندن بکات، چونکە لە ئێستادا، ئەو وڵاتە لە ناوخۆ و دەرەوە لە دۆخێکی خراپدایە،پێویستی بە دانوستاندن هەیە، بەڵام دەیەوێت بەهێزەوە بڕواتە سەر مێزی گفتووگۆ.
لەبارەی هێرشی سەر بنکەکانی هاوپەیمانان، عەلی حسێنی گوتی" نازانین هێرشەکان کێن، بۆ ئێمەش مایەی سەرسورمانە، ئەم ساروخانە لە کوێوە دەتەقێنرێن".