Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: دکتۆر بەهات حەسیب قەرەداغی / بەشی دووهەم


زۆرێک لە دید و بۆچوونەکان وەهای دادەنێن، ناکرێت بزاوتی ڕۆشنبیریی کوردی تەنها بخزێندرێتە زەمینەیەکی بەرتەسک و ئەوجا دەستبکرێت بە خوێندنەوە کردن بۆی، چونکە وەک دەڵێن ڕۆشنبیریی کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاوازی لێدەبێتەوە وەک سیاسەت، هزر، فەلسەفە.

لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، ئێستاشی لەگەڵدابێت ڕۆشنبیریی لە پەراوێزدایە و ئەمەش بە دووبارەبوونەوەی هەمان ڕەوشی سەروەختەکانی پێشتری ڕۆشنبیریی ناودێر دەکرێت.

تەنانەت ڕاپەڕینە مێژووییەکەی ساڵی 1991یش لە باشوری کوردستان وەک دەگوترێت نەیتوانی بزاڤی ڕۆشنبیریی لەو پەراوێزە ڕزگار بکات تا کاریگەرییەکی تەواوەتی و ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگە دابنێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە دەیان نوسەر و شاعیر و ڕوناکبیری باڵا هەڵکوتوون، بەڵام هەرهیچ نەبێت تا ئێستا نەتوانراوە بزانرێت کاریگەرییەکانیان چەندن.

لەم سەروەختەشدا کە پێی دەگوترێت زەمەنی دوای ڕاپەڕین، هێشتا ڕۆشنبیر لەژێر چاودێریدایە و کەسی ڕۆشنبیر بە پێوانەی سیاسی هەڵدەسەنگێندرێت و سانسۆرەکانیش زۆر لە بەرهەمی عەقڵ گەورەتر و بەهێزترن.

خاڵێکی تریش کە پێویستە باسبکرێت بێ بەها کردن و بێ نرخ کردنی ڕۆشنبیری و بزاڤی ڕۆشنبیرییە، بەتایبەتیش لەلایەن دەستەبژێری سیاسییەوە و سەپاندنی ئەو جۆرە ڕوانینەی دەڵێت "ئەگەر لەگەڵم نیت، ئەوا تۆ دوژمنمیت."

جا بۆ ئەو مەبەستەش دەبینرێت ماشێنێکی زەبەلاحی بەناو میدیایی دەخرێتە ژێر فەرمانڕەوایەتی ئەو جۆرە ڕوانینانەوە تا برەوی پێبدەن و بەمەش دەگوترێت داگیرکردنی سیاسەت بۆ هەموو کایە کۆمەڵایەتییەکان.

لەگەڵ دکتۆر بەهات حەسیب قەرەداغی، لە بەشی یەکەمی وتووێژماندا لە هەفتەی ڕابردوودا، لە دۆسێی یاخیبوون و ڕۆشنبیرییەوە دەستمان پێکرد تا ئەو جێیەی دکتۆر بەهات ئاماژەی بەوە کرد "نابێت و ناکرێت جیاوازییەکان و ململانێ هزرییەکان لە نێوان ڕۆشنبیران و سیاسییەکاندا بگاتە ئاستی سڕینەوەی یەکتر."
ئەم دیاردەیە لە هەرێمی کوردستاندا بەتایبەتی و لە کۆمەڵگەی کوردیشدا بە گشتی بوونی هەیە، شەپۆلێکی تەخوین کردن و جێودان بوونەتە دیاردە لە هەرێمی کوردوستاندا.

لەسەر ئەم دیاردە قێزەونە، هەر کاتێک پرسیار لە ڕوناکبیر یان ڕۆشنبیرێک دەکەیت دەڵێن "حزبە سیاسییەکان ئەم لەشکرە جنێو فرۆشەیان دروست کردووە" و دەشپرسن، ئیتر چۆن لە ئاوەها ژینگەیەکدا کار دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیر چۆن دەتوانێت ئەرکی خۆی بەجێبگەیەنێت؟

بەم پرسیارانەوە بەشی دووهەمی وتووێژمان لەگەڵ دکتۆر بەهات حەسیب قەرەداغی، نوسەر و لیکۆڵەر دەستپێدەکەین.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:52 0:00


XS
SM
MD
LG