ئیسرائیل دەستیکردووە بە بەکارهێنانی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا بۆ نزیکەی 100 هەزار فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا.
ئەو فەلەستینیانەش بریتین لەوانەی مۆڵەتی کارکردنیان هەیە لە ئۆردوگاکانی نیشتەجێبووە جووەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و لە ناو دەوڵەتی جوودا.
تاقیکردنەوەی ئەم هەڵمەتی کوتانە لە ڕۆژی 5شەممەوە دەستیپێکردووە و 700 فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.
دەزگای مێگەن دەیڤد ئادەم، کە دەزگای باری نائاسایی تەندروستییە لە ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت سەرپەرشتی ئەو هەڵمەتەی ئەمڕۆ دووشەممەی بەکارهێنانی ڤاکسینەکە دەکات و جۆری ڤاکسینەکەش ئەوەی کۆمپانیای مۆدێرنایە و دەشڵێت ڤاکسینەکە لە هەندێک بنکەی پشکنینی دیاریکراودا بەکاردەهێنرێت.
پرۆسەی بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی دژ بە کۆرۆنا، لەو نێوەندانەشدا بەڕێوەدەبرێن کە لەناو ناوچە پیشەسازییەکاندان و بەستراونەتەوە بە ئۆردوگاکانی نیشتەجێبوون لە کەناری ڕۆژئاوا.
نزیکەی 475 هەزار جوو لە ئۆردوگاکانی کەناری ڕۆژئاوا دەژین لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی نیشتەجێبوونی ئەو جووانە بە نایاسایی دادەنێت.
هەزاران فەلەستینی لەو ئۆردوگایانەدا کار دەکەن.
لەوەتای پەتای کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، زیاتر لە 140 هەزار فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا تووشی ئەم پەتایە بوون وتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش 1579 کەس بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە.
نزیکەی 2 ملیۆن و 800 هەزار فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا دەژین.