جاوید ڕەحمان، راپۆرتنوسی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئاماژەدان بە باو بوونی هاوسەرگیری منداڵان لە ئێران، جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕەفتاری کۆماری ئێسلامی ئێران سەبارەت بە ژنان پێویستی بە چاکسازی بەپەلەیە هەیە.
بە پێی ئاماری فەرمی حکومەتی ئێران نزیکەی یەک لە چواری هاوسەرگیرییەکان کە لەو وڵاتەدا تۆمار دەکڕێن، مندالانی خوارەوەی تەمەن 18 ساڵن.
تەنانەت شارەزایانی بواری مافەکانی منداڵان و ژنان لە ئێران پێیان وایە کە زۆر منداڵ بە تایبەت لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێراندا بە بێ ئەوەی هاوسەرگیرییەکەیان تۆمار بکرێت ناچار بە هاوسەرگیری دەکرێن لەگەڵ پیاواندا.
زانیارییەکان لەبارەی ڕاپۆرتەکەی جاوید ڕەحمانەوە چین؟
هۆکاری بوونی دیاردەیەکی وەک هاوسەرگیری منداڵان لە وڵاتی ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆچی؟
نەتەوە یەکگرتوەکان هەرجۆرە هاوسەرگیرییەک لە خوارەوەی تەمەنی 18 ساڵ وەک هاوسەرگیری منداڵان پێناسە دەکات و ڕێکخراوی یونیسێف هاوسەرگیری خوارەوەی تەمەن 18 سال بە جۆرێک لە پێشێلکاری ماڤی مرۆڤ ناو دەبات.
هۆکاری ئەوەی ئەم چەشنە لە پێشێلکاری تەنانەت لە لایەن ڕێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤەوە تا دەگات بە خوودی کۆمەلگەی مەدەنی خراوەتە پشت گوێ و زۆر ئاوڕی لێنەدراوەتە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە و زانیاریی زۆرتر لەم ڕووەوە، بەفراو نووری لە دەنگی ئەمریکای بەشی کوردییەوە لە واشنتن گفتگۆی کردوە لەگەڵ چالاکوانی ماڤەکانی مرۆڤ و ماڤی ژنان، ئەوین موستەفازادە نیشتەجێ لە شاری سلێمانی.
خاتوون ئەوین لەم چاوپێکەتنەدا دەڵێت کە هۆکارێکی سەرەکی بوونی ئەم دیاردەیە پاڵپشتییەکانی حکومەتە بۆ باو کردنی ئەم پرسە لە پێناو گەشەدان بە سیاسەتەکانی خۆیدا. ئەو دەشڵێت بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەم خەسارە کۆمەڵایەتییە پێویستە چالاکوانانی مەدەنی زیاتر ئەم کیشەیە بخەنە بەر باس و زەقی بکەنەوە بۆ ئەوەی لە ئاستی نیودەوڵەتیدا ببینرێت و ببێتە گۆشارێک بۆ سەر حکومەتی ئێران.