Accessibility links

نازەنین زاغری جارێکی تر لە ئێران دادگایی دەکرێتەوە


جارێکی تریش دانیشتنێکی دادگایی کردنی ژنێکی بە ڕەگەز بەریتانیایی و بە ڕەسەن ئێرانی، بەڕێوەچووە و ژمارەیەک گوناهبارکردنی نوێی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

نازەنین زاغری، ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەک گوناهبارکردنی تری ڕووبەڕوو کراوەتەوە و وەک لایەنگرانی دەڵێن 5 ساڵی لە زینداندا بەسەربردووە و ئێستاش گومانێکی زۆر کەوتۆتە سەر ئەگەر و نەگەری ئازادکردنی.

دادگایەک لە تاران، تۆمەتی "پڕوپاگەندەکردنی دژی ئێران"ی داوەتە پاڵ نازەنین زاغری، بەپێی لێدوانی تولیب سدیق، نوێنەری ئەو ناوچەیەی لەندەن کە زاغاری تیایدا دەژیا، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی بەریتانیا.

تولیب سدیق داوای دەستبەجێ ئازادکردنی نازەنین زاغاری دەکات.

پارێزەرەکەی نازەنین، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وەڵامی پەیوەندییەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نەداوەتەوە، لە کاتێکدا تولیب سدیق دەڵێت "پێدەچێت لە هەفتەی ئایندەدا ئەو دادگایەی ئێران، بڕیاری خۆی بدات."
ئەم دادگاییرکردنە نوێیەی نازەنین، پاش یەک هەفتەیە کۆتایهاتنی سزاکەی بە تاوانی سیخوڕایەتیکردن، ئەو سزایەش لە سەر ئاستێکی فراوان شەپۆلێکی ناڕەزایی دروستکرد.

لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتدارانی ئێران، ئامێرەکانی چاودێریکردنیان لەسەر نازەنین لاداوە لە شوێنی نیشتەجێبوونەکەی و هەروەها ڕێگەیان داوە لە شوێنی دەستبەسەرکردنەکەیشی بچێتە دەرێ، بەڵام هێشتاش ناتوانێت بگەڕێتەوە لای خانەوادەکەی لە لەندەن.

نازەنین زاغری، تەمەن 42 ساڵ، سزای 5 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا پاش گوناهبارکردنی بە پلاندان بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران. زاغری و لایەنگرانی و هەروەها ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن، بە توندی نکوڵییان لەو گوناهبارکردنە دەکرد.

هاوکاتی کارکردنی بۆ نێوەندی تۆمسن ڕۆیتەرز، نازەنین زاغری لە ساڵی 2016دا کاتێک دەیویست لە تارانەوە بگەڕێتەوە بۆ لەندەن، لە فڕۆکەخانە دەستگیردەکرێت. نازەنین بۆ سەردانی کەسوکارەکەی لە تاران بوو.

دۆسێی ئەرم خانمە بەریتانیاییە ئێرانیە، توڕەیی و ناڕەزاییەکی زۆری دروستکرد لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و هەروەها پشێوی و ئاڵۆزیشی خستە نێو پەیوەندییەکانی ئێران و بەریتانیاشەوە.

ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن، کۆماری ئیسلامی ئێران بەوە گوناهبار دەکەن، کە ئەو کەسانەی دوو ڕەگەزنامەیان هەیە دەستگیر دەکات تا وەک کارتێکی فشار بەکاریان بێنێت لە وەرگرتنەوەی پارە سڕ کراوەکانی ئێران و هەروەهاش لە دانوستاندنەکانیدا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا. تاران نکوڵی لەو گوناهبارکردنە دەکات.

ساڵی پار، دەسەڵاتدارانی ئێران، نازەنی زاغارییان لە زیندان دەرهێنا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە و لە ماڵی باوانی لە تاران دەستبەسەر بوو.

بۆریس جۆنسن، سەرەک وەزیری بەریتانیا، ڕۆژی چوارشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا داوای لە حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران کردووە تا دەستبەجێ نازەنین و هەموو ئەوانەی دوو ڕەگەزنامەیان هەیە ئازاد بکرێن.

هاوکاتی ئەو پەیوەندییە تەلەفونییە، سەرۆکی ئێران سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بەوەی هیچ بەرەوپێشچوونێک نەهاتۆتە ئاراوە لە گێڕانەوەی پارە سڕکراوەکانی ئێران لە بەریتانیا.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی ئێراندا هاتووە "ڕۆحانی وەهای دەبینێت پەلە کردن لە دۆسێی داخوازییە داراییەکانی ئێراندا، یارمەتیدەردەبێت لە ڕەواندنەوەی تەگەرەکانی بەردەم پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا."

XS
SM
MD
LG