Accessibility links

پەرلەمانی سێبەر لە میانمار داوای بەرەنگاربوونەوەی ئەنجومەنی لەشکریی وڵاتەکە دەکات


نوێنەرانی ئۆپزسیۆنی ئەنجومەنی لەشکریی میانمار لە "پەرلەمانی سێبەر" داوا لە خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەیان دەکەن درێژە بە جموجۆڵەکانیان بدەن تا "سەرکەوتن بەسەر کودەتا لەشکرییەکەدا."

ئەم نوێنەرانە کە کارەکانیان بە نهێنی دەکەن "پەرلەمانی سێبەر"یان پێکهێناوە وەک ئەنجومەنێکی یاسایی دژ بە دەسەڵاتی لەشکر لە میانمار.

لەوەتای ئەم پەرلەمانی سێبەرە پێکهێنراوە، ژمارەیەک ڕاگەیەندراوی بڵاوکردۆتەوە.

جێگری سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی سێبەر داوای بەردەوامی جموجۆڵەکان دەکات لە میانمار، وەک دەڵێت دژ بە "دیکتاتۆرییەتی زۆردار"ی ئەنجومەنی لەشکریی وڵاتەکە.

مان وین خین‌ سان، لە فلیمێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت "بە سەخت ترین قۆناغدا تێدەپەڕین لە مێژووی میانماردا، بەڵام بەم زووانە تروسکایی لەوسەری تونێلەکەوە دەردەکەوێت."

ئەم کاربەدەستە باڵایەی یەکگرتووی نیشتمانی بۆ دیموکراسی کە ئۆن سان سوچی، سەرۆکایەتی دەکات دەشڵێت "هەروەها ئەمە ئەو قۆناغەیە کە هاوڵاتیان دەکەونە ژێر تاقیکردنەوەی ئەوەی تا چەندێک دەتوانین ڕووبەڕووی ئەم سەروەختە ببینەوە."

سان، پێشتر سەرۆکی پەرلەمانی میانمار بووە لە کاتی حکومەتەکەی سان سوچی و پاش کودەتاکەی سەرەتای مانگی 2ی ڕابردوو، دەستبەسەر کرا.

ئەو وتارەی درەنگانێکی ڕۆژی شەممەش لەڕێی ماڵپەڕی ڕێکخراوە دیموکراسیخوازەکەیەوە بڵاوکرایەوە، یەکەم دەرکەوتنی بووە وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی سێبەر.

لە وتارەکەیدا سان ئاماژەش بەوە دەکات "ئەم ڕاپەڕینە دەرفەتێکە بۆ هەموومان تا پێکەوە خەبات بکەین بۆ هێنانە ئارای ئەو یەکگرتووییە دیموکراسییە فێدراڵییەی دەمانەوێت پاش ئەو هەموو مەینەتیانەی لە ڕێی چەندان جۆری سەرکوتکردنەوە بەسەرماندا هاتووە لە لایەن دیکتاتۆرییەتی لەشکرییەوە."

دوابەدوای ڕاگەیاندنی پەرلەمانی سێبەر، ئەنجومەنی لەشکریی میانمار لە ڕاگەیەندراوێکدا، پێکهێنانی پەرلەمانی سێبەر بە "خیانەتی مەزن" ناودێر دەکات و دەشڵێت سزای یاسایی لەسەر ئەو خیانەتە دەگاتە 22 ساڵ زیندانیکردن.

XS
SM
MD
LG