شیعر لە ئەدەبی کوردیدا هەمیشە خاوەنی ناوەڕۆکێکی تایبەت بە خۆی و بەردەوامیش وەک پەیامێک گوزارشتی خۆی کردووە و لە هەموو قۆناغێکی خۆیشیدا، فۆرمی تایبەت بە خۆیی هەبووە.
شیعر هەروەک چۆن تێکست و ژانرێکی ئەدەبییە، ئاوەهاش دەشێت وەک کارنامەیەکی فرە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیش لێی بڕوانرێت، بەتایبەتی کاتێک ڕۆدەچێتە ناو هوشیاری و بەرپەرچی هەموو بارە باوە نەریتییەکان دەداتەوە.
بە گشتی شیعر بۆ زۆرێک لە شاعیرەکانمان وەک دەروازەیەکیش بووە بۆ تێگەیشتن لە ژیان و لە دەوروبەر و ڕەنگدانەوەی ڕەوشی کۆمەڵگە.
نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت، لەم زەمەنەدا هەندێک شت بە ناوی شیعرەوە بڵاودەکرێنەوە کە هەرگیز ناتوانرێت پەیوەندییەکی ئۆرگانی لە نێوان وشەکانیدا بدۆزرێتەوە و ناچنە خانەی هیچ جۆرە پۆلێنکردنێکی وشە و ماناوە، لەو سۆنگەیەوەی هیچ وێنەیەکی شیعری تیادا بەرجەستە نەبووە و هەرگیز چێژ ئامادە نییە لە جوانکاریدا و بێجگە لە ڕیزکردنی کۆمەڵێک وشە هیچ شتێکی تر نییە؛ لەکاتێکدا شیعر داهێنانە، کارکردنە لەسەر ڕۆشنبیری، گوتارە، پەیامە، هەر بۆیە دەکرێت ئەم جۆرە شتانە ئەگەر کارەساتێکیان لە شیعری کوردیدا دروست نەکردبێت، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک خزمەتیان نەکردووە و خوێنەریان لە شیعر تۆراندووە و دڵی خوێنەریشیان شکاندووە.
دەشێت ئەمە وەک سەرەتایەک لێی بڕوانین بۆ ئەو جیاوازییەی لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆی شیعردا دەکرێت، ئەڵبەت بەو مەبەستە نییە بگوترێت شاعیرەکانی ئەمڕۆ هەر هەموویان دەگرێتەوە، نا، وە بە دڵنیاییەوە نا، ژمارەیەک شاعیری ئەمڕۆمان هەن کە خوێندنەوەی دەقەکانیان سەرساممان دەکەن.
میوانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، ئەمین موحەمەدی شاعیرە. ناسینم بۆ ئەم شاعیرەمان و بۆ شیعرەکانیشی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو.
با شتێکتان بۆ بگێرمەوە؛ ڕۆژێک، ئەوکاتەی چەپۆکی بەعس داروبەردی نیشتمانی گرتبوو، ئەمین موحەمەد لە هۆڵی ڕۆشنبیری لە شاری سلێمانی ، لە شیعرێکدا سەرگوروشتەی گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانی دەستی بەعسی دەگێڕایەوە و بە بڕوا بەخۆبوونێکی کوردانەی ئەو کاتەوە، ئەمین لە شیعرەکەیدا بە ڕووی هەموو ڕژێمی دیکتاتۆریدا هاواری دەکرد "کە دەگەڕێنەوە، سەریان ڕوو لە شاخە و قاچەکانیان ڕوو لە پایتەخت."
ئەمەندە بەس بوو، نەک هەر ئامادەبووانی ئەو کۆڕە شیعرییە، بەڵکو هۆڵی ڕۆشنبیریش یەکپارچە داگیرسا.
کاتێک شیعرەکانی ئەمین دەخوێنینەوە، ئەوا بە ئاسانی دەبینین، وێنە شیعرییەکان پڕن لە تراژیدیاکانی خاک و نیشتمان و کورد بوون، ئەو کاتە بە شیعر لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆیدا بەگژ هەموو داگیرکارییەکدا دەچووەوە، بەڵام نەدەهات جوانیی شیعر لە پێناو مەبەستدا بکوژێت، بەڵکو باڵایەکی جوان و دانسقەی شیعری پێسکەش بە ئێمەی گوێگری خۆی دەکرد و مەبەستیش هەمیشە لە واڵایی شیعرەکانیدا، ئازادانە باڵە فڕکێی خۆیان دەکرد.
ئەمین موحەمەد، شاعیر و نوسەری ئەدەبی منداڵان، وەڵامی پرسیارەکانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە: