Accessibility links

ئێران هاوڵاتییەکی فەڕەنسایی بە تاوانی سیخوڕایەتیکردن دادگایی دەکات


کۆماری ئیسلامی ئێران گەشتیارێکی فەڕەنسایی بە سیخوڕایەتیکردن و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژ بە ڕژێمی ئێران گوناهبار دەکات، وەک پارێزەرەکەی لەمڕۆ دووشەممەدا ڕایگەیاندوە.

ئەمەش دواترین گوناهبارکردنی خەڵکی بیانییە لە ئێراندا هاوکاتی هەروادێ و زیاتر بوونی ئاڵۆزی و پشێویەکان لە نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوادا.

بەنجامین بێرێر، نزیکەی 10 مانگ لەمەوبەر دەستگیرکراوە پاش ئەوەی لە ناوچەیەکی بیابانیدا وێنەی دەگرت کە لەو ناوچەیەدا وێنەگرتن قەدەغەیە و هەروەهاش بەهۆی ئەوەی وەک سەعید دەهقان، پارێزەرەکەی بەنجامین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی "لە میدیاکاندا پرسیاری لەسەر سەپاندنی حیجاب کردووە بەسەر ژناندا لە ئێراندا" و دەشڵێت دەسەڵاتدارانی ئێران بەنجامینیان لە گرتوخانەیەکی شاری مەشهەد هێشتۆتەوە.

سەعید دەهقان دەڵێت، دادپارێزانی ئێرانی لەم ماوەیەی ڕابردوودا لە دادگادا تاوانی پڕوپاگەندەکردنیان داوەتە پاڵ بەنجامین، بەڵام ناڵێت کەی ئەو گوناهبارکردنە کراوە.

بەپێی یاساکانی ئێران، ئەوەی بە سیخوڕایەتیکردن گوناهبار بکرێت سزای زیندانیکردنی تا 10 ساڵی بەسەردا دەسەپێندرێت.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بەنجامین دواترین هاوڵاتییەکی ڕۆژئاواییە کە ڕووبەڕووی تاوانی سیخوڕایەتیکردن ببێتەوە و ئەم جۆرە تاوانبارکردنانەش، ڕەخنە و ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتۆتەوە.
ڕۆژی یەکشەممەش نازەنین زاغری کە هەردوو ڕەگەزنامەی بەریتانیایی و ئێرانی هەیە و کەسایەتییەکی ناودارە، جارێکی تریش براوەتەوە بەردەم دادگا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەمان تاوان، پاش ئەوەی 5 ساڵی زیندانیکردنی تەواو کردوە بەڵام لە ئێران هێڵراوەتەوە و ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ لەندەن.

ئەم دۆسێیانە لە کاتێکدان، ئێران فشارەکانی خۆی زیاتر دەکات لەسەر ئەمەریکا و وڵاتە گەورەکانی ئەوروپا وەک فەڕەنسا و بەریتانیا تا سزاکان لەسەر ئێران هەڵبگیرێن بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ناوکییەی بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەڕوات لە نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا.

ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن، توندڕەوانی ئێرانی لە دەزگا ئاسایشییەکانی ئەو وڵاتەدا گوناهباردەکەن بەوەی هاوڵاتیانی دەستگیرکراوی بیانی بەکاردەهێنن بۆ گێڕانەوەی پارە سڕکراوەکانی ئێران و هەروەهاش تا وەک کارتێک بەکاربهێنرێن لە دانوستاندنەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا.

تاران نکوڵی دەکات لەو گوناهبارکردنە، لەکاتێکدا پێشتر ئاڵوگۆڕی گیراوەکانیشی کردووە، وەک ئەوەی لە مانگی 3ی ڕابردوودا ئێران و فەڕەنسا ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕی گیراوانەی کردووە؛ ڕۆلاند مارشاڵ، لێکۆڵەری فەڕەنسایی لەگەڵ جەلال ڕوحوڵانەژاد، ئەندازیاری ئێرانیدا ئاڵوگۆڕکراون.

XS
SM
MD
LG