Accessibility links

ناتۆ لە تورکیا نیگەرانە


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەڵێت نیگەرانی ڕژدی هەن لەسەر بڕیار و جموجۆڵی تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا و جەختیش دەکاتەوە لەوەی ناتۆ، سەکۆیەکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و مشتومڕانەی لەسەر ئانکەرە هەن.

یانس ستوڵتێنبێرگ لە لێدوانێکدا بۆ ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت "نیگەرانییەکانی خۆمم دەربڕیون و هەمووشمان دەزانین جیاوازییەکی زۆر هەن و ژمارەیەک دۆسێیش هەن لەگەڵ تورکیادا باس بکرێن، لە دۆسێی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە تا دەگاتە بڕیاری تورکیا بۆ کڕینی سیستەمی موشەکی بەرگری ڕوسیایی، جۆری ئێس 400 و دۆسێکانی پەیوەندییان هەیە بە مافە دیموکراتییەکان لە تورکیادا."

سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت "بەڵام لەو بڕوایەدام ناتۆ دەتوانێت بەلانیکەم سەکۆیەکی گرنگ بێت بۆ وتووێژکردن لەسەر ئەم دۆسێیانە و باسکردنیان و ڕەخساندنی زنجیرەیەک وتووێژی ڕاستەوخۆ لەسەر نیگەرانی و جیاوازەکانی سەبارەت بە تورکیا هەن."

تورکیا بۆتە مایەی توڕەیی و ناڕەزایی ژمارەیەک ئەندامی ئەم هاوپەیمانێتییە 30 وڵاتییە بەهۆی هەڵوێستەکانی ئانکەرەوە لە مشتومڕی سنورە ئاوییەکان لەگەڵ وڵاتی یۆنان، ئەندامی ناتۆ و ڕۆڵی تورکیا لە قەیرانەکانی سوریا و لیبیا و ناگۆرنۆ کاراباخدا.

لە مانگی 12ی ڕابردوودا، بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ ژمارەیەک سزای سەپاند بەسەر دامەزراوەی پیشەسازی لەشکریی تورکیادا، بەهۆی بڕیاری کڕینی موشەکی ئێس 400 لە ڕوسیا، ڕکابەرەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ.

سەرۆک جۆو بایدن، درێژەی بە هەڵوێستی توندی واشنتۆن داوە لەسەر کڕینی چەکی ڕوسیایی، لە کاتێکدا بەڕێوبەرایەتییەکەی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دیاریکردنی سیاسەتەکانی خۆی بەرامبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە هەفتەی ئایندەدا لە برۆکسل کۆدەبنەوە، وەک یەکەم کۆبوونەوەی ڕوو بە ڕوو لەگەڵ تیمی سەرۆک بایدندا.

ناتۆ دەمێکە هەوڵی هێورکردنەوەیەکی کێشەکان دەدات لەگەڵ تورکیادا لەناو ناتۆ خۆیدا و ئاماژە بە ڕۆڵی ئانکەرە دەکات لە داڵدەدانی بە ملیۆنان پەنابەری سوریایی کە بەهۆی شەڕەکانی داعشەوە زێدی خۆیان جێهێشتووە.

لە چەند مانگی ڕابردووەوە ئانکەرە لە هەوڵێکی بەرفراوانی دیپلۆماسیدایە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و هەروەهاش لەگەڵ ڕکابەرەکانیدا لە ناوچەکەدا وەک وڵاتی میسر. ئەم هەوڵانەش لە کاتێکدان هێشتا سیاسەتی سەرۆک بایدن بەرامبەر تورکیا نادیارە.

XS
SM
MD
LG