لەوەتای ساڵی 1988 و هێرشە کیمیاییەکەی کرایە سەر شاری هەڵەبجە، بەردەوام یادی ئەو ڕۆژە کارەساتاویە دەکرێتەوە؛ تەنها ئەمساڵ و ساڵی پار نەبێت کە پەتای کۆرۆنا بووە هۆکاری ئەوەی یادی ساڵیادەکە کزتر لە جاران بکرێتەوە.
کۆڕ و کۆبوونەوە و وتاردان و بروسکە ناردن و ڕێپێوان لەم ڕۆژەدا دەکرێت و دەیان بەرنامەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بۆ ئامادەدەکرێت و سەدان وتار دەنوسرێن و تۆڕەکانی سۆشیال میدیا پڕ دەبن لە دیمەنە جەرگبڕ و دڵ شکێنەکانی کارەساتی هەڵەبجە.
زۆرێک لە شیکەرەوە جەخت دەکەنەوە لەوەی نابێت ئەم ساڵیادە و ساڵیادەکانی تری بۆ تراژیدیا نەتەوەییەکانی کورد دەکرێن، هەر تەنها وەک ئەرکێک بۆ یادکردنەوە لێی بڕوانرێت، بەڵکو وەک دەڵێن پێویستە بکرێنە خاڵێک بۆ بەخۆدا چوونەوە و درێژەدان بە ژیان و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و بونیاتنانەوەی سایکۆلۆژیانەی مرۆڤی کورد.
هەر تەنها کوشتن و لەناوبردنی مرۆڤی کورد یەکێک لە سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعسی شۆڤینی سەروەختی دیکتاتۆرییەتی عێراق نەبووە، بەڵکو تێکشکاندنی سایکۆلۆژیەتی مرۆڤی کوردیش بەشێکی گەورە و گرانی ئەو سیاسەتە شۆڤینیزمە بوو.
لە ساڵی 1991 و پاش ڕاپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، شاری هەڵەبجە وەک زۆرێک لە ناوچەکانی تری ئەو هەرێمە، لە ژێر دەسەڵاتی کورد خۆیدایە، کەواتە پێویستە بپرسین، ئەی کورد خۆی چیی بۆ هەڵەبجەی کورد کردووە؟!
ئایا توانراوە دادپەروەری بۆ قوربانییەکانی ژەهربارانکراوەکان دابین بکرێت؟
هەرچۆنێک بێت، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت کاریگەری سایکۆلۆژی و ژینگەیی ئەو کیمیابارانەی ساڵی 1988 بەسەر پارێزگای هەڵەبجەوە ماوە.
زۆرێک لەو گەلانەی لە جیهاندا کرابوونە ئامانجی کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدکردن و ئێستا خاوەنی وڵاتی خۆیانن، هەوڵەکانی خۆیان ڕانەگرتووە بۆ دۆزینەوەی هەموو ئەو تاوانبار و گومانبارانەی دەستیان هەبووە لەو کارەساتانەی بەسەریاندا هێنراون.
ئەی دوای 33 ساڵ، کورد چی کردووە بۆ قوربانیانی کارەساتەکان و ڕزگاربووان لەو هێرشە کۆمەڵکوژیانە و هەروەها بۆ ئایندەی خۆیشی؟
دانا تەیب مەنمی، نوسەر و لێکۆڵەر وەڵامی پرسیارەکانی بەرنامەی هەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە: