هەرچەندە وەفدی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێککەوتن لەسەر بودجە لەبەغدایە، شەوی ڕابردووش، هەواڵی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە زۆربەی میدیاکان بڵاوکرایەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ڕێککەوتنەکە جارێکی تر گرفتی بۆ دروستبووەتەوە.
وەفدی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و هەندێک لایەن گەیشتوونەتە لێکگەیشتن لەسەر ڕادەستکردنی 460 هەزار بەرمیل نەوت، لەبەرامبەر پێدانی شایستە داراییەکانی هەرێم، بەڵام بەشێک لە لایەنە شیعیەکان ڕازی نین بەو لێکگەیشتنە.
سەعد مەتڵەبی سەرکردەی شیعی عێراقی، ئەمڕۆ شەمە، لەلێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی"لای هەرێمی کوردستانەوە نەرمی نانوێنرێت، هەرێم دان بەوەدا نانێت عێراق دەوڵەتە و هەرێم بەشێکە لێی، بۆیە هەموو جارێک ڕێککەوتن ناکرێت."
شەوی ڕابردوو، دوای لێکتێگەیشتنی نێوان وەفدی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بڕیاربوو پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی بودجە کۆببێتەوە، بەڵام دواتر لەپڕ دانیشتنەکە دواخرا بۆ کاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمڕۆش دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لەبەغداوە بەدەنگی ئەمەریکای وت"ترس هەبوو، گەر دانیشتنەکە ئەنجام بدرێت، ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەبودجەدا شکستی پێ بهێنرێت، بۆیە دانیشتنەکە لەسەر داوای کوتلەی سائیرون و لایەنێکی کوردی دواخرا، کەچی ئەمڕۆش ئەنجام نەدرا."
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، بەشێک لەلایەنە شیعەکان دژی ڕێککەوتنەکەن، گەر مەسەلەکە ببرایەتە نێو پەرلەمانیش شکستی پێ دەهێنرا.
سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکا، چەند ڕایەکی نهێنی نێو ماڵی شیعی ئاشکرا کرد، ڕوونیکردەوە بۆچوونێک هەیە، دەیەوێت پرۆژەی بودجە، ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە دوابخرێت، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە پارێزگاکانی خوارووی عێراقەوە هەیە تێپەڕێنرێت.
وەک سەرچاوەکە، ئاماژەی بۆکرد بەشێک لە لایەنە شیعیەکان هەر لە بنەڕەتدا دژی تێپەڕاندنی بودجەن، بەڵام ناوێرن بە ئاشکرا بیدرکێنن، چونکە لەوە دەترسن، بودجە پەسەند بکرێت، کازمی پارەیەکی زۆری بخرێتە بەردەست و لەمکاتە کە هەڵبژاردن نزیکە، بیخاتە خزمەتی خەڵکەوە و بۆ لاوازکردنی ئەوان بەکاری بهێنێت، وتی"ڕایەکی ژێر بە ژێریش لەنێو بەشێک لەپەرلەمانتاراندا هەیە، بودجە دەستی دەستی پێبکرێت، تا ببێتە هۆکارێک هەڵبژاردن لەمانگی 10 ئەنجام نەدرێت و دوایبخەن، بەڵام ئاراستەیەکی بەهێزیش هەیە لەگەڵ تێپەڕاندنی بودجەیە."
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، سەرباری دژایەتیکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن لایەنە شیعیەکانەوە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش هەوڵ هەیە، تا نەچنە ژێر باری هەموو خواستەکانی هێزە شیعیەکانەوە و پێیانوایە شیعەکان شەڕی ناوماڵی خۆیان بە کورد دەفرۆشن.
حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ماوەیەکە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا باش نیە، پێویستە بودجە بکرێتە سەرەتایەک بۆ باشکردنی پەیوەندیەکانی نێوانیان."
ئەوەی گرفتی زیاتری بۆ ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دروستکردووە و گەیشتنە ڕێککەوتنی ئەستەم کردووە، جگە لەوەی ڕێککەوتنەکە لەسەر ئاستی هەرێم و بەغداش نەیاری هەیە، هاوکات پەرلەمانی عێراقیش لەو ڕووەوە ڕۆڵی نەرێنی دەگێڕێت و لایەنە عێراقیەکانیش هەریەکە و لەئاوازێک دەخوێنن.