Accessibility links

ئەمساڵ بیستهەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت


فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن بە بەشداری دەیان فیلمی کوردیی و بیانیی لە چەندین بابەت و گرووپی جیاواز، ئەمساڵ و بە شێوەی ئۆنلاین بیستهەمین فیستیڤاڵی خۆی لە نێوان ڕۆژانی ١٦ بۆ ٢٧ی مانگی چوار دەبەستێت.

لارا شوانی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڕیاریان داوە ئەمساڵ فیستیڤاڵەکە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبەرن.

"بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زۆر ئیڤێنت و فیستیڤاڵی تریش ناچار بوون هەڵیبوەشێننەوە یان یان دوایبخەن بۆ کاتێکی نادیار. ئێمە ساڵی پار نەمانتوانی فیستیڤاڵێکی فیزیکی حازربکەین بەڵام بە ئۆنلاین پێشکەشمان کرد. بۆمان دەرکەوت لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زۆرتر دەگەینە خەڵک و بینەرێکی زیاتر کۆدەکەینەوە. ساڵی پار سەد هەزار بینەرمان هەبوو لە هەموو پلاتفۆرمەکانمانەوە."

فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن بۆ ماوەی ٢٠ ساڵە بەڕێوەدەچێت و ئامانجی بەرەوپێشبردن و ناساناندن و بەهێزکردنی سینەمای کوردییە و ئەمساڵیش بە هاوبەشی لەگەڵ چەند فیستیڤاڵێکی تری کوردیدا زیاد لە ٧٥ فیلم نمایشدەکرێن.

"ئەمە بیستەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی فیستیڤاڵەکەمانە. بەو بۆنەیەشەوە پرۆگرامی ئەمساڵمان جیاوازتر دەبێت لە ساڵەکانی تر. بڕیارمان داوە کە پڕۆگرامی ئەمساڵ بکەین بە دوو بەشەوە. بەشێکیان باشترین فیلمەکانی سینەمای کوردیی لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠ کە بە تایبەت هەڵبژێردراون. هەروەها بەشێکیشیان باشترین فیلمەکانی سینەمای کوردیی لە ٢٠ ساڵی پێشوودا کە فیلمی کلاسیکن."

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن ئاماژەشی بەوە کرد کە فیستیڤاڵی ئۆنلاین جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ فیستیڤاڵی فیزیکی و لایەنی باش و خراپیشی هەیە.

"ئەزموونی فیستیڤاڵی ئۆنلاین ئەزموونێکی تازەیە. ئەزموونێکی خۆشە بەڵام لەگەڵ فیستیڤاڵێی فیزیکیدا زۆری فەرق هەیە. لە فیستیڤاڵێکی فیزیکیدا دەرهێنەر و ئەکتەرەکان بانگهێشت دەکرێن و بینەرەکان دەتوانن ڕاستەوخۆ قسەیان لەگەڵ بکەن وڕووببەڕوو پرسیاریان لێبکەن لەسەر فیلمەکانیان."

فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠١ لەلایەن گرووپێکی خۆبەشەوە دامەزراوە و لە بیستەمین ساڵیادی فیستیڤاڵەکەدا بڕیار وایە بە شێوەی ئۆنلاین بە ڕێوەبچێت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی خۆپارێزییەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:27 0:00


XS
SM
MD
LG