ئاماره‌کانى تووشبوون به ڤایرۆسى کۆرۆنا له پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه ڕوو له هه‌ڵکشان ده‌که‌نه‌وه، پێنج حاڵه‌تى تووشبوون به ڤایرۆسى کۆرۆنای نوێ تۆمارده‌کرێن و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه هۆشدارى ده‌دات به هاووڵاتیان، ڤایرۆسى کۆرۆنای نوێ له پارێزگاکه‌دا هه‌یه و ئاماره‌کان زیاترن له‌و ڕێژانه‌ى که ڕۆژانه ڕاده‌گه‌یه‌نرێن و به‌شێک له هاووڵاتیانیش ڕوو له نهخۆشخانهکانهکان ناکه‌ن.
د.شوان عومه‌ر به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى وه‌فا له پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه له لێدوانێکدا به ده‌نگى ئهمەریکاى ڕاگه‌یاند "له ئێستادا پینج حاڵه‌تى تووشبوون به کۆرۆنای گۆڕاو له نه‌خۆشخانه‌ى وه‌فا هه‌ن و هه‌موویان ته‌مه‌نى مام ناوه‌ند و مناڵان ، سێ له تووشبووه‌کان ته‌ندروستیان جێگیر نیه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى که تووشبووه‌کان ئێستا گه‌نجن، بهسکچوون و تاو ڕشانه‌وه زیاتر له که‌سه‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت".
به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى وه‌فا ڕاشیگه‌یاند "ڕێگه‌ى بڵاو بوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که، به‌راورد به کۆڤید 19 خێراتره و مه‌ترسیه‌کانى هه‌مان مه‌ترسیى ڤایرۆسه‌که‌ى پێشووتره، ڕێژه‌ى تووشبوون له‌سه‌ر ئاستى هه‌موو پارێزگاکان ڕووى له زیادبوون کردووه و چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین له‌م هه‌فته‌یه‌دا حاڵه‌ته‌کان ڕوو له زیاد بوون بکه‌ن."
د.شوان عومه‌ر به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى وه‌فا ووتیشى "داوا له هاووڵاتیان ده‌که‌ین، جارێکى دیکه پابه‌ندى ڕێنماییهکانبن، ماسک و ده‌سکێش به‌کاربهێنن ونزیکى شوێنه قهرهباڵقیهکان نه‌که‌ونه‌وه، دڵنیاشین ڕێژه‌که زۆرزیاتره لهوئامارانهى که ڕۆژانه بڵاوده‌کرێنه‌وه."
له پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه تاوه‌کو ئێستا 7 هه‌زار و 703 پشکنین ئه‌نجام دراون و له‌و ڕێژه‌یه‌ش 3 هه‌زار و 123 هاووڵاتى تووشى ڤایرۆسه‌که بوون، زیاتر له 150 هاووڵاتیش گیانیان له‌ده‌ستداوه و له ئێستاشدا 16 هاووڵاتى له‌ژێر چاره‌سه‌ردان.