Accessibility links

"گەل هەرگیز شکست ناهێنێت" دروشمی خۆپیشاندەرانی میانمار


خۆپیشاندەران و ماتەم گێڕانیش لەمڕۆ دووشەممەدا ڕژاونەتەوە سەر شەقامەکانی میانمار پاش ڕۆژانی خوێناوی پشووی هەفتە کە بە خوێناویترین ڕۆژەکان دادەنرێن لەوەتای کودەتا لەشکرییەکە لە میانمار کراوە.

سەرۆک جۆو بایدن لە پێشەنگی ناڕەزایی نێونەتەوەییدا بووە بۆ ئەو سەرکوتکردنە دڕندانانەی ئەنجومەنی لەشکری لە میانمار دەیانکات.

لە شاڵاوێکی دڕندانەدا، سەرباز و پۆلیس سەدان کەسیان کوشتووە لەو خۆپیشاندەرانەی داوای گەڕانەوەی دیموکراسی دەکەن و هەروەهاش داوای ئازادکردنی ئۆن سان سوچی ڕێبەری مافە سیڤیلیەکان دەکەن.

بەلانیکەم 107 کەس کە 7یان منداڵن، ڕۆژی شەممە کوژراون بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم کردەی کوشتنانەش هاوکات بووە لەگەڵ نومایشتێکی سەربازیدا لە ڕۆژی هێزە چەکدارەکانی میانماردا کە ڕژێمی وڵاتەکە بۆ نیشاندانی هێز و توانایی لەشکر ڕێکیدەخات.

لە ڕۆژی یەکی مانگی دووی ڕابردووەوە کە کودەتا لەشکرییەکە کراوە لە میانمار، بەلانیکەم 459 کەس کوژراون، وەک لە ئاماری ڕێکخراوی یارمەتیدانی زیندانە سیاسییەکاندا ئاماژەی پێکراوە.

هێزە ئاسایشییەکانی میانمار گوللەی پلاستیکی و چەکیان بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.

ڕووداوەکانی ڕۆژی شەممە لە میانمار، هەتا ئێستا خوێناویترین سەرکوتکردن بووە و ڕۆژی یەکشەممەش 13 کەس کوژراون.

لەگەڵ ئەو توندوتیژیانەی ڕۆژانی پێشووشدا، خۆپیشاندەران لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕژاونەتە مەیدانە سەرەکییەکانی شارەکان و شارۆچکەکانیش.

خۆپیشاندەران لە میانمار دروشمی "گەل هەرگیز شکست ناهێنێت" یان بەرزکردۆتەوە.

XS
SM
MD
LG