Accessibility links

کوژرانی 4 کەس لە سۆماڵیا


بەلانیکەم 4 کەس کوژراون و سێ کەسیش بریندارن لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی لاڕێ لە شەقامێکی مەقادیشۆ، پایتەختی سۆماڵیا، وەک کاربەدەستانی حکومەتی سۆماڵیا و گەواهدەرانیش ڕایانگەیاندووە.

مەهاد شیرلاوی، بەڕێوبەرێکی حکومەتە و دەڵێت بۆمبەکە ئۆتۆمێلێکی حکومەتی کردبووە ئامانج بەڵام ئەو خەڵکەی کوشت کە لەسەر شەقامەکە خەریکی فرۆشتنی کەرەستە و کەل وپەل بوون.

شیرلاوی دەڵێت "خودائێمەی پاراست، بەڵام خەڵکی بێتاوانی سیڤیل کە کارادارییان هەبوو لە شوێنی تەقینەوەکەدا کوژران، 4 کەس کوژران و چەند کەسێکی تریش بریندارن و هەندێکیشیان برینەکانیان سەختە."

گەواهدەران لە شوێنی تەقینەوەکەوە دەڵێن دایکێک و منداڵەکەیشی لە نێو کوژراوەکاندان و دەشڵێن "کارێکی ناخۆش بوو، ئەو ژنە جل و بەرگی دەفرۆشت لە دوکانەکەیدا لەسەر شەقامەکە کاتێک تەقینەوەکە ڕوویدا و دەستبەجێ لە جێی خۆی گیانی لەدەستدا پاش ئەوەی پارچەیەک بەر سەری دەکەوێت."

گەواهدەرێکیش دەڵێت منداڵێکی ساوای بینیوە لە نزیک تەرمی دایکەکەوە و دەشڵێن دەسەڵاتداران تەرمی دایک و منداڵەکەشیان گواستۆتەوە.

شیرلاوی، لۆمەی ئەم تەقینەوەیەی ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەستۆی میلیشیاکانی ئەلشەباب دەنێت لە کاتێکدا ئەو ڕێکخراوە جیهادییە هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاو نەکردۆتەوە بۆ لە ئەستۆ گرتنی ئەو تەقینەوەیە.

پایتەختی سۆماڵیا بەردەوام ئامانجی هێرشەکانی میلیشیا ئیسلامییەکانە کە دەمێکە شەپۆلی یاخیبوونی خۆیان دەستپێکردووە و دەیانەوێت حکومەتی وڵاتەکە لابدەن کە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی پشتیوانی دەکرێت.

XS
SM
MD
LG