Accessibility links

وڵاتانی کەنداو پشتیوانی بۆ شانشینی ئوردون ڕادەگەیەنن


شا عەبدوڵا، پادشای ئوردون
شا عەبدوڵا، پادشای ئوردون

وڵاتانی کەنداو جەخت لە پشتیوانی کردنی ڕێبەرایەتی شانشینی ئوردون دەکەنەوە پاش ئەو کردە ئاسایشییەی ژمارەیەک خەڵکی تیادا دەستگیرکراون، لەوانە سەرۆکی پێشووی دیوانی پادشایەتی و کەسایەتییەکی نزیکیش لە بنەماڵەی پادشا.

دەستگیرکردنەکان لەسەر بنەمای ئەو مەترسیانە بوون بۆ ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە هاتبوونە ئاراوە.

شانشینی ئوردون، پەیوەندییەکی تۆکمەی هەیە لەگەڵ وڵاتە دەوڵەمەندەکانی کەنداودا، بەتایبەتیش لە پاش ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبییەوە و زۆرجاریش یارمەتی و کۆمەکی ئەو وڵاتانەی کەنداوی وەرگرتووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو گرفتە ئابوریانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

ئەنوەر قرقاش، ڕاوێژکاری سەرۆکی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت "هاوڕایی عەرەبی و نێونەتەوەییش بۆسەقامگیری شانشینی ئوردون هەیە. سیاسەتی ژیرانە و بونیاتنانی پردەکانی پەیوەندی، بژارەیەکی ئاسان نەبووە، لە کاتێکدا ئەو هەنگاوانە بە ئاڕاستە دروستەکەدا بوون."

بەحرەین و قەتەر و کوەیت و عومان و یەمەن، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ڕاگەیەندراوی پشتیوانی خۆیانیان بۆ ڕێبەرایەتی شانشینی ئوردون بڵاوکردۆتەوە و هەروەهاش سەبارەت بە پشتیوانیکردن لەو هەنگاوانەی ئوردون دەیاننێت بۆ "پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش و دامرکاندنەوەی هەر هەوڵێکی دەدرێت بۆ کاریگەری نەرێنی لە وڵاتەکەدا."

شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی، میری قەتەر، پەیوەندییەکی تەلەفونی دەکات لەگەڵ شا عەبدوڵا، پادشای ئوردوندا و لەو پەیوەندییەدا پشتیوانی قەتەری ڕاگەیاندوە و دەشڵێت "لەم ڕەوشەدا هاو هەڵوێستی شانشینی ئوردونە."

دیوانی پادشایەتی شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت عەرەبستانی سعودیە شان بە شانی شانشینی ئوردون دەوەستێت و بە هەر شێیوەیەکی بلوێت پشتیوانی لە ئوردون دەکات.

ئەنجومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداویش هەڵوێستی پشتیوانی خۆی ڕاگەیاندووە و کۆمکاری عەرەبیش پشتیوانی بۆ ئەو ڕێوشوێنانە ڕاگەیاندووە کە شانشینی ئوردون گرتونیەتیەبەر بۆ ئاسایش و سەقامگیری.

سەرچاوە ئاسایشییەکان، درەنگانێکی ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند "پاش چاودێریکردنێکی چڕ، ژمارەیەک هاوڵاتی ئوردون دەستگیرکراون."
ژەنەراڵ یوسف ئەلحنێتی، سەرکردەی ستونە هاوبەشەکان لە لەشکری ئوردون ڕایدەگەیەنێت "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و ئەنجامەکانیش بەوپەڕی ڕوونی و ئاشکراییەوە بڵاودەکرێنەوە و ڕەوشی ئاسایشی و سەقامگیری شانشینی ئوردون لە سەرو هەموو پێوانەیەکەوەیە."

لەشکری شانشینی ئوردون دەڵێت داواکراوە لەشازادە حەمزە، زڕبرای شا عەبدوڵا تا جموجۆڵەکانی بۆ تێکدانی سەقامگیری ڕابگرێت، بەڵام شازادە حەمزە گوتوویەتی "لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرە" و نکوڵیش دەکات لەوەی بەشداری هەبووبێت لە هیچ پیلانێکدا.

شا عەبدوڵا لە ساڵی 1999دا شازادە حەمزەی دانا بە شازادەی تاج و جێگرەوەی خۆی لەسەر داوای شا حوسەینی باوکی، بەڵام لە ساڵی 2004دا نازناوی شازادەی تاجی لێسەندەوە و لە بری ئەو، شازادە حوسەین، کوڕی شا عەبدوڵا بە شازادەی تاج ناودێر کرا.

XS
SM
MD
LG