ئەگەرەکانی ئەو زیانانەی قەیرانی شانشینی ئوردون لەناوخۆی وڵاتەکەدا هەرچەندێک بێت، بەڵام پێناچێت کاریگەرییەکی دەستبەجێی هەبێت لەسەر ئەو پشتیوانییە نێونەتەوەییەی بۆ شا عەبدوڵا، پادشای ئوردون هەیە.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت "شا عەبدوڵا، هاوبەشێکی سەرەکیی ئەمەریکایە و واشنتۆن هەموو پشتیوانییەکی لێدەکات."
ئەمەریکا، شانشینی ئوردون بە هاوپەیمانێکی سەرەکی دادەنێت و زەمینەی دەستڕاگەیشتنی بە چەک و ئامێری لەشکری و یارمەتییەکان بۆ ڕەخساندووە. هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا و هێزی تریش وەک بارێکی ئاسایی لەگەڵ هێزەکانی ئوردوندا لە مەشق و ڕاهێناندان. نزیکەی 3 هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە شانشینی ئوردونن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل، شانشینی ئوردون بە "هاوپەیمانێکی ستراتیژی" ناودێر دەکات و دەشڵێت ئەو پشێویانەی ناو شانشینەکە دۆسێیەکی کاروباری ناوخۆیی ئوردونە.