لە نزیک بنکەی هێزی ئاسمانی بەلەد، کە هێزەکانی ئەمەریکاشی لێن دوو موشەک دەیدەن بە زەویدا، بەپێی لێدوانی سەرچاوە ئاسایشییەکان.
ئەم هێرشە موشەکییە بۆسەر ئەم بنکەیەی باکوری شاری بەغدا پایتەختی عێراق، تەنها 3 ڕۆژ بەر لە دەستپێکردنی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمەرکا و عێراقە.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ڕاپۆرت نەدراوە لەسەر زیانی گیانی و ماڵی و هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشەی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕانەگەیاندووە.
واشنتۆن، زیاتر ئەم جۆرە هێرشانە لە ئەستۆی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران دەنێت.
لەوەتای جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕۆژی 20ی مانگی یەکەوە، پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکای وەرگرتووە، ئەمە 14هەمین هێرشە بۆ بە ئامانج گرتنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و کاروانە لەشکرییەکانی عێراق و هاوپەیمانانی نێونەتەوەییش.
هەندێک جار، لایەنی نەناسراو کە بە ڕوویەکی تری میلیشیاکانی سەر بە ئێران دادەنرێن، بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشانە ڕادەگەیەنن.
قەیس خزعەلی، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، پێشتر هەڕەشەی زیاترکردنی ئەم جۆرە هێرشانەی کردووە بۆ بە ئامانج گرتنی ئەمەریکاییەکان، ئەگەر بێتوو ئەمەریکا قایل نەبێت بە کشانەوەی تەواوەتی سەربازەکانی لە سەرانسەری عێراقدا.
خزعەلی، لەم ماوەیەی ڕابردووشدا جەختی کردبووەوە لەوەی ئەو هێرشانە هەر تەنها لە ناوەڕاست و باشوری عێراقدا ناکرێنە سەر ئەمەریکاییەکان، بەڵکو لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش دەکرێن.
بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە "دیالۆگی ستراتیژی" نێوان عێراق و بەڕێوبەرایەتییەکەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، دەستپێبکات.
لەگەڵ هەر هێرشێکدا، واشنتۆن هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی توند دەکات کە ئێران باجەکەی دەدات