Accessibility links

شا عەبدوڵا داوا دەکات لێکۆڵینەوەکان لە شازادە حەمزە لەناو بنەماڵەی هاشمیدا بکرێن


شازادە حەمزە
شازادە حەمزە

ئەیمەن ئەلسەفەدی، جێگری سەرەک وەزیر و وەزیری دەرەوەی شانشینی ئوردون دەڵێت "لێکۆڵینەوەی دەزگاکانی ئاسایش، جموجۆڵەکانی شازادە حەمزە و چەند کەسێکی تریش دەسەلمێنن بۆ بە ئامانج گرتنی ئاسایش و سەقامگیری لە شانشینی ئوردوندا."

ئەلسەفەدی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا ئاماژەوەی بەوە کردووە کە ماوەیەکی درێژە دەزگا ئاسایشییەکان و دەزگای هەواڵگری و دەزگای ئاسایشی گشتیوڵاتەکەی لێکۆڵینەوەیەکی فرەلایەنی چڕیان دەستپێکردووە و وەک دەڵێت "چاودێری جموجۆڵەکانی شازادە حەمزە بن ئەلحوسەین و ئەسەن بن زەید و باسم عەوەزەڵا و ژمارەیەکی تری خەڵک کراوە و زانراوە دەیانەوێت ئاسایش و سەقامگیری تێکبدەن و بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندییان کردووە بە لایەنی بیانییەوە بۆ دەستنیشانکردنی کاتی دەستپێکردنی تێکدانی ئاسایس و سەقامگیری لە شانشینی ئوردوندا."

جێگری سەرەک وەزیر و وەزیری دەرەوەی ئوردون دەڵێت لەو بڕوایەدایە 14 بۆ 16 کەس تا ئێستا دەستگیرکرابن و دەشڵێت "لەژێر ڕۆشنایی ئەم لێکۆڵینەوانەدا، دەزگا ئاسایشییەکان یاداشتێکیان داوە بە شا عەبدوڵا تا گیراوەکان بدرێنە دادگای ئاسایشی وڵاتەکە و ڕێوشوێنی یاساییان لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر پاش ئەوەی لێکۆڵینەوە بەراییەکان گەیشتوونەتە ئەو بەرەنجامەی کە ئەم جۆرە جموجۆڵانە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت بەسەر ئاسایش و سەقانگیری هاوڵاتیانەوە."

ئەیمەن ئەلسەفەدی دەڵێت "بەڵام شا عەبدوڵا وەهای بە باش زانیوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ شازادە حەمزەدا قسە بکرێت و ئەم دۆسێیە لەناو بنەماڵەی پادشایەتی هاشمیدا چارەسەر بکرێت."

لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا بۆ کەناڵی بی بی سی، شازادە حەمزە ئاماژەی بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە هاوڕێیان و ناسیاوەکانی کراوە و پاسەوانە تایبەتەکانیشی لێکشێندراوەتەوە و هێڵی تەلەفون و ئینتەرنێتیشی نەماوە.

شازادە حەمزە، لەو تۆمارە ڤیدیۆییەیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی وەک دەڵێت "هەرگیز بەشێک نەبووم لە پیلانگێڕان یان ڕێکخراوێکی سەرچاوەی داهاتی لە دەرەوە بێت." بەڵام ڕەخنەی لە داڕمانی سیستەمی حکومەتی وڵاتەکەی و گەندەڵێ و بێتوانایی بەڕێوەبردنی ئوردون گرتووە.

شاژنە نور، دایکی شازادە حەمزە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر تەواوی ئەم دۆسێیەی بە "هەڵبەستراو" ناودێر کردووە و جەختیش دەکاتەوە لەوەی، وەک نوسیویە "نوێژ و نزا دەکەم تا ڕاستیەکان دەربکەون و دادوەری جێگیربکرێت بۆ تەواوی قوربانیانی بێتاوانی ئەم دۆسێیە."

شازادە حەمزە، کوڕی گەورەی شا حوسەینە لە هاوسەرە ئەمەریکاییەکەی "شاژنە نور" وە پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ شا عەبدوڵای برایدا باش بووە و کەسێکی نزیکیشە لە خەڵک و شێخەکانی عەشرەتەکانی وڵاتەکەی.

XS
SM
MD
LG