Accessibility links

سەرەک وەزیری عێراق لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب


شێخ موحەمەد بن زاید ئال نهیان، شازادەی تاج و سەرکردەی باڵای هێزە لەشکرییەکانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراقدا تاووتوێ دەکات.

ئەم سەردانەی کازمی، بەر لە تێپەڕبوونی کەمتر لە یەک هەفتەیە بەسەر ئەو سەردانەی کردی بۆ شانشینی عەرەبستانی سعودیە. ئەو سەردانەشی بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوری و ئاسایشی نێوان هەردوو وڵات بووە و هەروەها بۆ جەختکردنەوەش بووە لەوەی هەرگیز عێراق نابێتە ئەو خاڵی دەستپێکە بۆ هێرشکردنە سەر شانشینی عەرەبستانی سعودیە.
کازمی لەسەر پەتێکی دیپلۆماسییە و جەمسەرێکی بەدەست ئێرانەوەیە و جەمسەرێکیشی بەدەست ڕیاز و هاوپەیمانەکانیەوەیەتی، وە لە زۆر باریشدا بەغدا لەو قەیرانەی نێوان واشنتۆنی هاوپەیمانی و تارانی دراوسێیدا، گیر دەخوات.

میواندارییەکی گەرم وگوڕ لە سەرەک وەزیری عێراق دەکرێت لە فڕۆکەخانەی سەرۆکایەتیدا و پاسەوانانی شەرەف ئامادەکراون و شازادەی تاج لە ئەبوزەبی پێشوازی دەکات و 21 گوللە تۆپیش لە پێشوازیەکەیدا تەقێندراون.

شێخ موحەمەد بن زاید لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی "بەخێرهاتنی براکەم، موستەفا ئەلکازمی دەکەم، سەرەک وەزیری عێراقی برا لە نێو کەسوکاری خۆیدایە لە میرنشینە یەکگرتووەکان و چاوم لەوەیە وتووێژێکی بەبەر بکەین و بە خێر و گەشەکردن بگەڕێتەوە بەسەر هەردوو وڵات و گەلی هەردوو وڵاتیشدا."

دواتر شێخ موحەمەد بن زاید دەنوسێت لەگەڵ کازمیدا "پەیوەندی برایانە و بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندیانەمان لە هەموو بوارەکاندا باسکردووە و هەروەهاش ڕوانینەکان لەسەر پەرەسەندنە عەرەبییەکان و هەرێمی و نێونەتەوەییش تاوتوێکراون."

موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق لەلای خۆیەوە، ئاماژەی بەوە کردووە ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقدایە بۆ پتەو کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا.

سەرۆکی حکومەتی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت " وەک هەنگاوێکی تەواوکاریی بۆ بەرنامەی تۆکمەکردنی پەیوەندییەکانی حکومەت لەگەڵ وڵاتانی جیهان و دراوسێ و وڵاتانی عەرەبیدا لەسەر بنچینەی بەرژەوەندی هاوبەش، لەگەڵ شاندی حکومەتدا سەردانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەکەین."

حکومەتەکەی کازمی کار لەسەر خێراترکردنی وەبەرهێنانی بیانی دەکات لە وڵاتەکەیدا لەوانە، بەدەستهێنانی پشتیوانی عەرەبستانی سعودیە و وڵاتانی تری کەنداو لە بوارەکانی وزە و کشتوکاڵدا و هەروەها هەوڵێکی چڕ و پڕیش دەدات بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابورییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەوڵەمەندی کەنداودا.

XS
SM
MD
LG