لە ئێران ژمارەی توشبوونی ڕۆژانە بە پەتای کۆرۆنا گەیشتۆتە بەرزترین ئاست لە ماوەی چوار مانگی ڕابردووی وڵاتەکەدا و وەزارەتی تەندروستی ئێرانیش دەڵێت تاران خراوەتە بەرزترین خانەی مەترسیەکانی کۆڤید 19وە.
لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 13890 توشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە ئێراندا پشتڕاست کراوەتەوە، بەپێی لێدوانی سیما سادات لاری، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران. ئەمەش زۆرترین ژمارەی توشبوونە لەوەتای ڕۆژی 4ی مانگی 12ی ڕابردووەوە.
پێشتر و ڕۆژی 28ی مانگی 11 ی ساڵی 2020 14051 کەس لە 24 کاتژمێردا توشی کۆرۆنا بوون.
لەوەتای ئەم پەتایە بڵاوبۆتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە هەموو وڵاتێک زیاتر پەتاکەی تیادا بڵاوە و ژمارەی توشبوونیش بەهۆی پشووەکانی جەژنی نەورۆزەوە ڕوو لە زیادبوون بوون.
لە ئێستادا تاران کراوە بە ڕەنگی سوور بەهۆی ئاستی مەترسییەکانی پەتای کۆرۆناوە، وەک وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکە ڕایگەیاندووە تەنها شوێنە سەرەکییەکانی فرۆشتنی خواردەمەنی و نێوەندە تەندروستییەکان کراونەتەوە.
سیما سادات لاری دەڵێت "یەک ملیۆن و نۆسەد و چل هەزار کەس لە ئێراندا توشی پەتای کۆرۆنا بوون."
لە 24 کاتژمێری ڕابردووشدا 172 کەس بە پەتای کۆرۆنا مردوون و ئەمەش بەرزترین ژمارەی گیان لە دەستدانە لە ئێراندا بەهۆی ئەم پەتایەوە لەوەتای ڕۆژی 23 مانگی 12وە.
بەپێی لێدوانی سەعید نەمەکی، وەزیری تەندروستی ئێران "لە ئێستادا ئێران یەکێک لە خراپترین شەپۆلەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لێیداوە."
ماڵپەڕی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە زاری نەمەکییەوە دەنوسێت "مەخابن کەس گوێی لە ڕێنوماییەکانی هاتوچۆ نەگرت و ئەوەتا ئەوڕۆ ڕووبەڕووی سەختییەکی گەورە دەبینەوە لە ئێراندا."