Accessibility links

کاردانەوەکان لەمەڕ پرسی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە


پرسی لێبڕین و دوواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام قسەو باسی لەبارەوە دەکرێت و نیگەرانی لێدەکەوێتەوە لە لایەن بەتایبەتی بەشێکی زۆر لە مامۆستا و فەرمانبەرانەوە، لەوبارەیەشەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە ئەوان لە هەمووان زیاتر پەرۆشی ئەوەن کە موچە وەک خۆی بدرێت و سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت" دانیشتنێکی بەرهەمدار گرنگە کە لایەنی کەم وەزیرە تایبەمەندەکان تێدا ئامادەبن و گرنگە کە بزانن حکومەتی هەرێمی کوردستان چوون خۆی دەگونجێنێت".

ڕۆژی چوارشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند " حکومەتی هەرێم زیاتر لەو پەرلەمانتار و لایەنانە پەرۆشی ئەوەیە کە موچە وەک خۆی بدرێت کە داهات نەبوو هەر ئەوەندەمان پێکراوە، ئەولەویەتی ئێمە پێش هەموو شتێک دابینکردنی موچەی هاوڵاتیانە، خەڵک کە باس دەکات بودجە پەسەند کرا پارەی حکومەتی عێراق دێت؟ بەو شێوەیە نییە کە ئەو پارەیە ئیزافەتە لە سەر ئەو داهاتەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە و لێرەدە جیاوازیەکە بە چ شێوەیەک بێت بێگومان ئەولەویەت بۆ ئەوەیە کە ئەم پارەیە بخرێتە سەر پارەی موچەی موچەخۆران ئەگەر توانیمان بەشێوەیەکی تەواو موچەکانیان بدەین کە هیوادارم لە کاتێکی نزیکیشدا ئەو ئامانجە بێتەدی بەڵام زۆری دەمێنێتەوە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو ئیلتیزاماتانە بەتایبەتی لە لایەن حکومەتی فیدراڵیەوە، حیکمەتەکە لە چونیەتی جێبەجێکردنەکەیدایە".

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان گوتی" بەپێی مادەی 98 لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان لەهەرسێ بڕگەکەدا باسی بودجە دەکات کە لە مانگی 10 دەبێت بێت و لەمانگی نیسان دەبێت ژمێرەی کۆتایی بێت و لە برگەی سێیەم ئەگەر لەو دوو وادەیە نەهات سەرۆکایەتی پەرلەمان داوا لە وەزیری دارایی بکات ڕوونکردنەوە بدات بۆچی نەهاتووە؟ هیچ پاساوێک نەماوە بۆ دواکەوتنی بودجە بە پێی مادەی 48 ئێمە دوێنی یاداشتێکمان داوە بۆ بابەتی لێبڕینی مووچە، دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پەسەندکردنی بودجەی حکومەتی ناوەندی و هەموویش خۆیان کرد بە خاوەنی ئەو دەستکەوتە و زۆری ستایش کراو بەدەستکەوت لەقەڵەمدرا لەبەر ئەوە کاتی ئەوە هاتووە دوای هەشت ساڵ بودجە بێتە پەرلەمانی کوردستان و کۆتایی ب لێبڕینی موچە و خۆگونجاندن بهێنرێت".

سەبارەت بە پرسی موچەی فەرمانبەران کە بەردەوام مشتومڕ و قسەی زۆری لەبارەیەوە دەکرێت، دکتۆر رێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند " بابەتی لێبڕینی موچە هەر قسەیەکی لەسەر بکەین بەبێ ئامادەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراوی بە بێ ئامادەبوونی وەزیری دارایی کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە بریاری ڕاگەیەنڕاوی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی لێبڕینی موچە و گونجاندنی داهات لەگەڵ موچە دراوە بە بەڕێزیان گفتوگۆیەکە تەنها لە نێوان خۆمانە، ئێمەش بەلامانەوە گرنگە کە بزانین حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دولار چوون چوونی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخانە دەکات و چوون خۆی دەگونجێنێت بۆ ئەوەی کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دیاری بکات بەڵام دانیشتنێکی بەرهەمدار گرنگە کە لایەنی کەم وەزیرە تایبەمەندەکان تێدا ئامادەبن".

هەروەها لەو پرێس کۆنفراسەدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گووتیشی" سێ سەرچاوەی داهاتی سەرەکی هەیە لە هەرێمی کوردستان یەکێکیان ئەو شایستە داراییانەیە کە لە لایەن حکومەتی فیدرالیەوە دابین دەکرێت و ئەوەی تر داهاتی نەوتیە و بەشی سێیەمیش داهاتی نا نەوتیە و داهاتی ئێمە و خەرجیەکانیش دیارن و هەوڵ دەدەین واقعی بین لەگەڵ بارۆدوخی هەرێمی کوردستان".

جێی باسە بەردەوام لە شوێن و ناوەندە جیاجیاکان بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناڕەزایی و نیگەرانی خۆیان لەمەڕ دواکەوتن و لێبڕینی موچەکانیان دەردەبڕن و داوا دەکەن کۆتایی بە پرسی گرفتی دواکەوتن و لێبڕینی موچەکانیان بهێنرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:22 0:00


XS
SM
MD
LG