بەردەوامی گفتووگۆکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە، هێزەکانی حەشدی شەعبی متمانەیان بە دانوستانەکان نییە، بەڵام بەشێک لە چاودێران پێیانوایە ئەمەریکا جدییە لە کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراق، تا چیتر ئێران شەڕ بە عێراق نەفرۆشێت.
لەبارەی سێهەم وتووێژی نێوانیان، وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەمەریکا و عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، گرنگترین بەشی بەیاننامەکەش لەبارەی چارەنوسی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بووە لە عێراق.
بەپێی بەیاننامەکە، توانای هێزە عێراقیەکان پێشکەوتووە و ئەرکی هێزە ئەمەریکاییەکان بۆ مەشق و ڕاهێنان گۆڕاوە، ئەمەش ڕێگە دەدات بە کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان لەعێراق، دوای ڕێککەوتنی تەکنیکی نێوان هەردوولا لەسەر کاتی کشانەوەکە.
عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی هێزەکانی حەشدی شەعبی، پێیوانییە ئەمەریکا هێزەکانی لەعێراق بکێشێتەوە، دەڵێت"باوەڕ ناکەم ئەمەریکا عێراق جێبهێڵێت، ئەمەریکا 50 ساڵە هێزی لە ئەڵمانیا و 30 ساڵە هێزی لەکەنداو هەیە، تا ئێستا هێزەکانی نەکێشاوەتەوە، ئێستا چۆن عێراق جێدەهێڵێت."
حکومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی دەربڕیووە بە پاراستنی ( کەسان و کاروان و شوێنی دیپلۆماسی وڵاتانی هاوپەیمانان) لە حاڵەتی کشانەوەی هاوپەیماناندا. هەردوو وڵاتیش هاوڕابوون لەسەر ئەو بنکانەی هاوپەیمانانیان تێدایە بنکەی عێراقین و بوونی ئەوان تەنها بۆ پشتیوانیکردنە لە هەوڵەکانی عێراق لەشەڕی دژ بە داعش.
گفتووگۆی نێوان عێراق و ئەمەریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، لەکاتێکدایە ناوبەناو گروپە چەکدارە شیعەکان بنکەی سەربازی و ناوەندە دیپلۆماسیەکان موشەک باران دەکەن، داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەن، کە بەڕای چاودێران ئەوەی ئەو هێزانە دەیکەن، خواستی ئێرانییەکانە.
بورهان محەمەد فەرەج، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و چاودێری سیاسی، پێیوایە خولێکی نوێی دانوستانی نێوان ئەمەریکا و عێراق پەیوەندی بە فشارەکانی ئێرانەوە هەیە، بەتایبەت نزیکبوونەوەی چین و ئێران و هەڕەشەکردنی چین بۆ جوڵان بەرەو کەنداو و ئاوە گەرمەکان، وایکردووە ئەمەریکا نەرم بێت، بەڵام وەکئەو دەڵێت"ڕەنگە کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق جوزئی بێت، تا چیتر ئێران شەڕ بە عێراق و حکومەتەکەی کازمی نەفرۆشێت و عێراق سەقامگیر بێت."
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق زیاتر خواستی بەشێکی زۆر لە هێزە شیعیەکانە، ئەگینا بەشێکی زۆر لە عەرەبی سونە و کورد بوونی ئەو هێزانە بە گرنگ دەزانن، بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێز لە عێراق دا.