پاش زیاتر لە ساڵێک لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرانسەری جیهان هێشتا ئەم پەتایە نیگەرانییەکی سەرەکی خەڵکییە لە کاتێکدا چەندین جۆری ڤاکسین بەرهەم هاتوون بۆ پتەوکردنی بەرگری لەش لە دژی ڤایرۆسەکە.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردییەکانی تر باس لە سەرلەنوێ هەڵکشانی ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسەکەو گیان لە دەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکە دەکرێت.
سەرەڕای هەبوونی " ژمارەیەکی سنووردار"ی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان و سەرباری ئامۆژکارییەکانی پسپۆڕانی بواری تەندروستی، خەڵکی بە پەرۆشنین بۆ وەرگرتنی ڤاکسین و گومانێکی زۆریان لێی هەیە.
سەبارەت بەوەی بۆچی لە ئێستادا ڤایرۆسەکە جارێکی بەو شێوەیە سەریهەڵداوەتەوە، دکتۆر ڕێباز حەمزە ساڵح پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان، ڕەبۆ و هەستیاری لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ هاوکارمان حەیدەر کەریم دەڵێت هەرچەندە لە جیهاندا ناوە ناوە شەپۆلێک دەستپێدەکاتەوە بەڵام " بەم دواییانە دووبارە خۆ گۆڕینێک لە ڤایرۆسەکە ڕوویدا هەرچەندە لە ژیانی ڤایرۆسدا بە شتێکی ئاسایی دەژمێردێت، ئەمەش بووە هۆی دووبارە دروستبوونەوەی ئەم شەپۆلە."
سەبارەت بەم شێوازە گۆڕاوەی ڤایرۆسەکە دکتۆر ڕێباز دەڵێت هەر هەمان ڤایرۆسەو چارەسەرەکانیش بە هەمان شێوەن.
سەبارەت بە ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا دەڵێت " لە ئێستادا خۆشبەختانە زۆربەی کارمەندانی تەندروستی دژ بە ڤایرۆسەکە کوتراون مەگەر ئەوانەی خۆیان پێیان خۆش نەبێت".
هەروەها لەم بەرنامەیەدا کە هاوکارمان حەیدەر کەریم ئامادەو پێشکەشی کردووە دکتۆر ڕێباز باس کاریگەری ڤاکسینەکان و لەو هۆکارانەش دەکات کە خەڵکی بۆچی متمانەیان بە ڤاکسینەکە نییە و هەروها باس لە گرنگی خۆپارێزی و قەدەغەکردنی هاتوچۆش دەکات.
دەقی بەرنامەکە