ئۆن سان سوچی، ڕێبەری سیڤیلی لەکارلادراوی میانمار ڕووبەڕووی گوناهبارکردنی نوێ کراوەتەوە هاوکاتی درێژەپێدانی هەوڵی سەرکوتکارانەی توندی ئەنجومەنی لەشکریی وڵاتەکە.
خانم سان سوچی، تەمەن 75 ساڵ و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، لەوەتای لە بەرەبەیانی ڕۆژی 1ی مانگی 2ی ڕابردووەوە کە دەستگیرکراوە پاش ئەوەی لەشکری میانمار حکومەتەکەی ڕوخاند و دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت،تا ئێستا نەبینراوە.
ژەنەراڵەکان هەروادێ و میکانیزمی زیاتری دڕندانەی سەرکوتکردن بەکاردەهێنن وەک هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتییەی دژ بە فەرمانڕەوایەتی لەشکریی دروست بووە لە میانمار، هاوکاتی ئەوەی ئۆن سان سوچی، ڕووبەڕووی ژمارەیەک گوناهبارکردن کراوەتەوە کە دەشێت ببنە مایەی ئەوەی بۆ هەتاهەتایە نەتوانێت کاری ئۆفیس بکات.
مین مین سۆی، پارێزەری خانم سان سوچی پاش دانیشتنەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی دادگا لە پایتەختی وڵاتەکە بە پەیامنێرانی وتووە "ئۆن سان سوچی لەڕێی ڤیدیۆوە بەشداری دانیشتنەکەی دادگای کردووە و بەپێی بەندی 25ی یاسای کارەساتە سروشتییەکان جارێکی تریش گوناهبارکراوە."
مەترسیدارترین گوناهبارکردنی ئۆن سان سوچی، ئەو گوناهبارکردنانەن کە دەچنە خانەی یاساکانی نهێنیە فەرمییەکانی میانمارەوە.
پارێزەرەکەی دەڵێت سان سوچی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرە و پێدەچێت لە تەندروستییەکی باشدا بێت بەڵام نازانرێت ئەگەر ئاگاداری ئاڵۆزی و پشێویەکانی ئەم دوو مانگەی ڕابردووی میانماربێت.
دەکرێت بگوترێت ڕۆژانە خۆپیشاندان دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ ئازادکردنی سان سوچی و هەروەهاش بۆ گێڕانەوەی دیموکراسی بۆ وڵاتەکە، بەڵام هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکە بە گوللەی پلاستیکی ، گوللەی ڕاستی و تەنانەت هەندێک جاریش بە هەنارۆک ڕووبەڕووی ئەم داوایانە بوونەتەوە.
تا ئێستا زیاتر لە 700 خەڵکی سیڤیل کوژراون لە ماوەی ئەم 70 ڕۆژەی پاش کودەتا لەشکرییەکە، بەپێی ئەو ئامارانەی ڕێکخراوی چاودێری کۆمەک و یارمەتیدانی زیندانییە سیاسییەکان و دەشڵێت زیاتر لە 3000 کەسیش دەستگیرکراون.
یەکێک لە خوێناویترین ڕۆژەکان، ڕۆژی هەینی ڕابردوو بوو کە زیاتر لە 80 خۆپیشاندەر کوژران بە دەستی هێزە ئاسایشییەکان لە شاری باگۆ لە باشوری میانمار.