Accessibility links

ئەحمەد مەجید: پارێزگاری سەماوە بەڵێنی هەڵدانەوەی گۆڕەکان و دەستگیرکردنی تاوانبارانی پێداین


بەرپرسی ڕێکخراوی چاودێری کۆردۆساید ڕایدەگەیەنێت، هیچ وادەیەک بۆ گێڕانەوەی ڕووفاتی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکانی پارێزگای سەماوە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، ڕووفاتەکان لە پزیشکی دادوەری بەغدا بێ ناز کەوتوون، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە سەرجەم ڕووفاتەکان، ڕووفاتی ئەنفالکراوەکانن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەحمەد مەجید گفتووگۆیەکی تایبەتی نێوان کەس و کاری ئەنفالکراوەکان و پارێزگاری سەماوەی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا کرد، وتی"پارێزگاری سەماوە ئامادەی خۆی نیشاندا بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوەکان لە پارێزگاکەی و دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارانەش کە دەستیان لە تاوانەکەدا هەبووە، گەر حکومەتی هەرێم هاوکاریان بکات."

جەختیشیکردەوە"هیچ دەستیپێشخەریەک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان نەبوو، ئینجا هەرێم تاوانبارەکانی سنوری خۆی دەستگیرنەکرد، چ جای هاوکاریکردنی پارێزگاری سەماوە."

بەرپرسی ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید/چاک، پێیوایە هیچ ئیرادەیەک نیە بۆ هەڵدانەوە و هێنانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوەکان، چونکە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە دەبێتە هۆی جوڵاندنەوەی دۆسیەکە، ئەمەش پێچەوانەی خواستی سیاسیەکانە.

لەدوای پارێزگای سەماوە، گومان دەکرێت زۆرترین گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوەکان لە سنوری زنجیرە چیای حەمرین بێت، بەڵام تا ئێستا کنە و پشکنین لەو ناوچەیە بۆ دۆزینەوەی گۆڕەکان نەکراوە، لەوبارەیەوە ئەحمەد مەجید دەڵێت"سنوری حەمرین نزیکەی 70 گۆڕی بەکۆمەڵی تێدایە، تا ئێستا یەک گۆڕی بەکۆمەڵ لە حەمرین هەڵدراوەتەوە و ڕووفاتەکانی نێوی هێنراوەتەوە بۆ گوندی دێ بنە، ئەگینا بۆ دۆزینەوەی گۆڕەکانی تر، پێویستمان بەهاوکاری خەڵکی ناوچەکەیە، چونکە زەویەکان کێڵراون."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەحمەد مەجید بەرپرسی ڕێکخراوی کۆردۆساید/چاک، ئاماژەی بەوەکرد هیچ بیانوویەک نیە بۆ هەڵنەدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان جدی نین لەمەسەلەکەدا، گوێ بە خواستی کەس و کاری ئەنفالکراوەکان نادەن، کە هەڵدانەوەی گۆڕەکانیان لا مەبەستە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:14 0:00


XS
SM
MD
LG