Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: توخمە ژینگەییەکان لە شەڕەکانی ئایندەدا


هەر کاتێک باس لە ژینگە و پاراستنی ژینگە دەکرێت، فاکتەری پەیوەندی مرۆڤ بە ژینگەوە دەبێتە بابەتی سەرەکی ئەم باسە گرنگە.

لەم چەند سەد ساڵەی ڕابردوودا وەک زۆرێک لە لێکۆڵەرەوە ژینگەییەکان جەختی لێدەکەنەوە"مرۆڤ وەها سەروسەودا لەگەڵ ژینگەدا دەکات، بەتایبەتیش لەگەڵ خاک و ئاودا، کە ئیتر ژیان پاش ئەم نەوەیە کۆتاییپێدێت و هیچ پێویست بە پاراستنی ژینگە ناکات."

لەم دوو یان سێ دەیەی ڕابردوودا بەهۆی کار و چالاکی ڕێکخراو و کەسە ژینگە پارێزەکانەوە هەوڵێکی زۆر دەدرێت تا پاراستنی ژینگە ببێتە بەشێک لە ئەرکی هەموو مرۆڤێک لەم جیهانەدا و بەتایبەتیش دەرکەوتنێکی ئاشکرای مەترسییەکانی پیسبوون یان ناسازی ژینگە، لەوانە، گۆڕان لە پلەی گەرمیدا، توانەوەی جەمسەرە بەستەڵەکەکانی باشور و باکوری گۆی زەوی، دروستبوونی چینی ئۆزۆن لە ئاسماندا و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا و چەندان دیاردەی تری ژینگەیی، وەهایان کردووە ئاستی نیگەرانییەکان لە زیادبووندا بن.

ئەم مەترسیانە وەهاشیان کردووە لە چەندان وڵاتی پێشکەوتوودا پارتی سیاسی و ڕێکخراو دروستبن، ململانێی ئاڵۆز بێتە ئاراوە و چەندان بڕیاری یاسایی و سیاسی بدرێن؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ڕیکار و هەوڵانەی دەدرێن، هێشتا ناتوانرێت بگوترێت هێندەی ئەوەی پێویستە و پێویست دەکات هەنگاوی گەورە لەم بوارەدا نراون، بە بەراورد لەگەڵ هەروادێ و زیاتر بوونی ڕێژەی دانیشتوان لە جیهاندا و کەمبوونەوەی بەرچاوی سەرچاوەکانی خواردن و خواردنەوەش.


میوانی بەرنامە:

خالید سولەیمان، نوسەر و لێکۆڵەری بواری ژینگە

ئاو، توخمە سەرەکییەکەی ژینگە و ژیان، کە ئەمیش بەهۆی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی دانیشتوانەوە فشارێکی گەورەی لەسەرە و کراویشەتە چەکێک بۆ ناچارکردن و ملپێدان، هەرچەندە ڕێککەوتنێکی زۆریش مۆرکراون بۆ دەستڕاگەیشتن و بەکارهێنانێکی یەکسانانەی ئەم سەرچاوەیەی ژیان، بەڵام ئەم ڕێککەوتنانە نەبوونەتە مایەی ڕەواندنەوەی قەیرانەکانی بەهۆی ئاوەوە سەرهەڵدەدەن.

قەیرانی ئاو دەشێت بگوترێت بەهۆی دۆسێی نەوتەوە وەک کێشەیەکی بنەڕەتی و سەرەکی دەرنەکەوتووە و بۆ کۆنترۆڵکردن، یان هەر هیچ نەبێت سنوردارکردنی کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە پێویست بە داراییەکی زەبەلاح و هەروەهاش بە تەکنەلۆژیاش هەیە.

کەم نین ئەو وڵاتانەی گوتار و فشاری ئاو لە سیاسەتەکانیاندا بەکاردەهێنن و نمونەش زۆرن لەسەر ئەو وڵاتانەی جیهان کە ئاو، نەک هەر تەنها وەک کارتێکی فشاری دەرەکی بەکاردەهێنن، بەڵکو بۆ گورز وەشاندنی ناوخۆییش کراوەتە کارنامە.

پسپۆڕ دەڵێن قەیرانی ئاو لە جیهاندا بۆتە بەشێکی سەرەکی لە کێشە سیاسییەکاندا و نەک هەر بە دوور نازانرێت بەڵکو لەو بڕوایەشدان شەڕ و ئاشوبیش بە دوای خۆیدا دێنێت.

*بۆچی هەتا ئێستا ئەو دۆسێیانەی پەیوەندییان بە ژینگە پارێزییەوە هەیە وەک دۆسێیەکی پلە دوو یان پلە سێ لە ڕووی گرنگییەوە سەیر دەکرێن؟

*ئایا پاراستنی ژینگە ئەرکی کێیە؟

*ئایا دەکرێت وەها سەیری دۆسێی ئاو بکەین کە هۆکارێکە بۆ شەڕە نەخوازراوەکانی ئایندە؟

خالید سولەیمان، نوسەر و لێکۆڵەری بواری ژینگە، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:10 0:00

XS
SM
MD
LG