لەڕۆژی ژینگەی کوردستاندا، بەشێک لە ڕێکخراوە ژینگەیەکان، لە پارێزگای هەڵەبجە، داوای دوورکەوتنەوە لە مادە پلاستیکیەکان و فڕێنەدانیان بۆ ناوژینگە دەکەن و شارەوانی هەڵەبجەش دەڵێت سەرەڕای ئەوەی هەموو ڕۆژێک حەفتا تۆن خاشاک لەناو سنوری پارێزگاکەدا کۆدەکرێتەوە، تائێستا سیستەمی ڕیساکلین نییەو خۆڵ وخاشاکەکە لە ڕابردوودا کراوە بەژێرخۆڵەوە.
سارا سەلام چالاکوانێکی ژینگەیەو ساڵانێکی زۆرە لە ڕێکخراوی نوێ بۆژینگە و مافەکانی ژنان کار دەکات، داوای بەکارهێنانی تورەکەی خام لە بری عەلاگەی نایلۆن دەکەن و ئەو دەڵێت پێویستە کۆمپانیاکان و دوکانەکان ناچاربکرێن کە لەبری عەلاگەی نایلۆن تورەکە بدەن بە هاووڵاتیان، ئێمە بەردەوام دەبین و لەماوەی سێ ساڵدا 5 هەزار تورەکەی خاممان داوەتە هاووڵاتیان.
لە پارێزگای هەڵەبجە بەپێی داتاکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە، ڕۆژانە 70 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و خاشاکەکەش جیاناکرێتەوە و سەرجەمی دەکرێت بەژێرخۆڵەوە، کوێستان ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لە ئێستادا هەوڵەکانیان بۆدانانی سیستەمی ڕیساکیلین دەستیپێکردوەو داوایان لە دوو وەبەرهێن کردووە کە پڕۆژەکە جێ بەجێ بکەن بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەبووە.
سوبحان محمد شارەزایی ژینگە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بوونی ڕێژەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و مۆلیدە لە ناو گەڕەک و کۆڵانەکان و بڕینەوەی دارو درەختەکان بەنایاسایی هۆکاری پیسبوونی ژینگەن لە کوردستانداو پێویستە پرۆژە یاسا تایبەتمەندەکان بە ژینگە لە کوردستان هەمواربکرێنەوە .
ڕۆژی ژینگەی کوردستان لە کاتێکدایە، ساڵانە بەهۆی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەوە، هەزاران دۆنم پووش و پاوان لە پارێزگای هەڵەبجە دەسوتێت، چەندین دار لە دارستانەکان، ڕووبەڕووی لە ناوچوون و بڕین دەبنەوە، سیستمێکی گونجاوویش بۆ تەلەف کردنی خۆڵ و خاشاک و ئەو مادانەی کە کۆمپانیا پاکەوانیەکان کۆی دەکەنەوە نییە.