ئەمشەو 3 خومپارە ئاڕاستەی قەزای کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان کرا، بەو هۆیەوە کەسێک برینداربوو، هێزە ئاسایشییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، گولە خومپارەکان لە ناوچەی دەربەندتاڵەی باکوری خۆراوای کفریەوە، ئاراستەی قەزاکە کراون و هێزە ئەمنیەکانیش گومان دەکەن، ئەو هێرشە کاری داعش بێت
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، زانیاری وردی بۆ دەنگی ئەمەریکا درکاند و ڕایگەیاند "ئەو ناوچەیەی گولە هاوەنەکانی لێوە ئاراستەی کفری کراوە، دەکەوێتە نزیک غەڕە و پەڵکانە، کە لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە داعشیان تێدایە."
بەوتەی سەرچاوەکە، لەچەند شەوی ڕابردوودا ، هاوپەیمانان بەهاوکاری پێشمەرگە، داعشیان بۆمبارانکردووەو ئۆپەراسیۆنیان لە دژ ئەنجامداون، چونکە مانگی ڕەمەزانە و داعش جموجۆڵی هەبووە.
سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکا دەڵیت "ڕەنگە هاوەنەکان کاردانەوەی ئۆپەراسیۆنەکان بێت لەدژی داعش، ئەوەشی بۆمان هاتووە، ئەوانەی هاوەنەکانیان تەقاندووە، ماتۆڕسکیلیان پێبووە."