Accessibility links

سەرەک وەزیری عێراق داوای دادگایی کردنی وەزیری تەندروستی حکومەتەکەی دەکات


خەڵک لەناو نەخۆشخانەی ئیبن ئەلخەتیب لە بەغدا پاش ئاگرکەوتنەوەکە
خەڵک لەناو نەخۆشخانەی ئیبن ئەلخەتیب لە بەغدا پاش ئاگرکەوتنەوەکە

داواکان بۆ دەست لە کارکێشانەوەی بەرپرسانی عێراق پاش مردنی 82 کەس لە ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی توشبووانی کۆرۆنا هەروادێ و زیاتر دەبن.

سیستەمی تەندروستی عێراق سیستەمێکی پەرێشانە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا ڕایدەگەیەنێت "ژمارەی قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن الخەتیب لە بەغدا بەرزبۆتەوە و 82 کەس مردوون و 110 برینداریش هەن."

دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە لەو نەخۆشخانەیەدا باس لە مردنی 58 کەس دەکرا.

سەرچاوە تەندروستییەکان هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی ڕۆژی شەممەیان دەگەڕاندەوە بۆ شێوازی هەڵگرتن و عەممار کردنی ئۆکسجین بەبێ ئەوەی مەرجەکانی پارێزراویی ڕەچاوبکرێت و دەشڵێن کەمتەرخەمی هەبووە و ئەم کەمتەرخەمییەش لە گەندەڵییەوە سەرچاوەی گرتوە.

لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا و بەتایبەتیش لە تویتەردا داواکان هەروادێ و زیاتر دەبن بۆ دەست لە کار کێشانەوەی وەزیری تەندروستی عێراق و کاربەدەستانی تری وەزارەتی تەندروستی.

موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق 3 ڕۆژ پرسەی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕاگەیاندووە و داوای لێکۆڵینەوەیەکیشی کردووە کە لە ماوەی 24 کاتژمێردا بگاتە ئەنجام.

حکومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "کازمی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەپەلەی کردووە لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەت و سەرکردە ئاسایشییەکان و هەروەها بەرپرسانیشدا، چونکە ئەوەی ڕوویداوە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە هەیە."

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا لە زاری سەرەک وەزیری عێراقەوە دەڵێت "ئەم جۆرە ڕووداوانە بەڵگەن بۆ هەبوونی کەمتەرخەمی وهەر بۆیەشە دەستبەجێ بڕیاری لێکۆڵینەوە دراوە و بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە و بەڕێوبەری ئاسایش و ئەوانەش کە پەیوەندییان بە پارێزراویی نەخۆشخانەکەوە هەیە، دەکەونە ژێر لێکۆڵینەوەیەکی وردەوە تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن، کەمتەرخەمەکان کێن و ئەوجا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت."

موستەفا ئەلکازمی جەخت دەکاتەوە لەوەی "فەرامۆش کردن و کەمتەرخەمی لەم جۆرە دۆسێیانەدا هەر تەنها هەڵەیەک نییە، بەڵکو تاوانێکە و دەبێت ئەوانەی کەمتەرخەمن، باجەکەی بدەن."

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ کە دەزگایەکی سەر بە حکومەتە ئەم ڕووداوە بە "تاوان" ناودێر دەکات بەرامبەر ئەوانەی تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و وەک دەڵێت "ژیانی خۆیان خستبووە بەردەستی وەزارەتی تەندروستی و لە بری چارەسەرکردن، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە گیان لە دەست دەدەن."

موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق، داوای دادگایی کردنی حەسەن ئەلتەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراقی کردووە.

XS
SM
MD
LG