لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ئازادییەک لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هاتە ئاراوە کە دەکرێت بگوترێت بە ئازادییەکی بێپێشینە ناودێری بکەین.
ئەم ئازادییە زۆربەی بوارەکانی گرتەوە و هەر کەسێک لەلای خۆیەوە ئازادانە بەپێی حەز و خولیای خۆی دەستی بە کارکردن کرد لەو بوارەدا کە خوازیاری بوو.
دەشێت نەمانی سانسۆرەکان وەهایان کردبێت ڕووبەری ئەو ئازادییە فراوانتر بێت بەتایبەتی بۆ نوسەران جا لە هەر ژانرێکدا کاری خۆیان بکەن.
بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت لە ڕاپەڕیندا و لە قۆناغی دوای ڕاپەڕیندا، هەر کەسێک دەستی دابێتە قەڵەم، ئیدی تەواو و بووە نوسەر یان ڕۆژنامەوانێکی گەورە.
ئەم قۆناغە هێندەی گەورەیی باڵای خۆی، ڕەوشێکی ئەرێنی لە جیهانی نوسیندا بەرهەمهێناوە بەڵام لە هەمان کاتیشدا دیاردەی نەرێنیشی دروستکرد؛ وەک ئەوەی بەناوی ئازادییەوە حەشر بە نوسین دەکرا و دۆزەخێک بۆ وشە و زمان و بیرکردنەوە دادەخرا.
پێویستە ئەوەش بڵێین، لە هەر گۆشە نیگایەکەوە سەیری بکەین و ئەگەریش بە ویژدانەوە قسەی لەسەر بکەین ئەو دیاردە نەرێنیانە نەیانتوانی ببنە تەگەرە و گرفت لەبەردەم نوسینە پڕ بەهاکاندا، جا لەگەڵ دیدی پڕ نەوازشی ئێمەی خوێنەردا گونجابێت یان نا؛ ئەڵبەت ئەمەیان بابەتێکی ترە.
لە قۆناغی دوای ڕاپەڕیندا جۆرێک لە نوسین دروست بوو بەتایبەتیش لە ژانری شیعردا کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆچوونە ناو دنیای دڵشکان و بێهیوایی بوو. ئەم دیاردەیە وەک هەندێک لە ڕەخنەگران باسیان دەکرد، درێژبوونەوەی شیعرەکانی حەمە عومەر عوسمانە "ژەنەراڵی پایز" لە کاتێکدا کەم نەبوون ئەوانەی جەختیان دەکردەوە لەوەی دەشێت سودێک وەرگیرابێت لە تێکستە باڵاکانی ئەم شاعیرە گەورەیەمان، وەلێ نەوەی دوای ڕاپەڕین بە دیدێکی ترەوە لە دنیا دەڕوانن و ئەمان نەوەی ئەم دنیا نوێیەی دوای ڕاپەڕینن و لە سەردەمی کرانەوە بە ڕووی دنیادا چاویان کراوەتەوە و دەست و پەنجەیان قەڵەمیان گرتووە.
خاڵێکی تریش کە گرنگە باس بکرێت لە سەردەمی پاش ڕاپەریندا، دۆسێی زمانە، ئایا زمان توانی پەرەبسەنێت و گەشەبکات و لەگەڵ هەموو پێشکەوتنەکانی تری دنیای دوای ڕاپەڕیندا، ئەمیش هەنگاوەکانی خۆی بنێت؟!
لە قۆناغی دوای ڕاپەڕیندا بەرگوێمان دەکەوت کە دەگوترا زمان کەوتۆتە قەیرانێکی بێسەروبەرەوە و دەگوترا پەنا بردنە بەر وشە بیانییەکان و بەکارهێنانی وشە بەبێ زانینی ماناکەی، یان تێکدانی ئیدیۆمەکانی زمانی کوردی و خراپ بەکارهێنانیان و جەندان شتی تریش وەهایان کردووە زمانەکەمان خراپ بکەن. جا لە بەرامبەریشدا ڕوانینێکی تر دەڵێت، نە زمان دەکەوێتە قەیرانەوە و ئەگەر نوسەرێک و دووان و سیان دەستەواژە و ئیدیۆمەکانیش بە هەڵە بەکاربهێنن بەو مانایە نییە کە زمان لە قەیراندایە.
ئایا لە قۆناغی پاش ڕاپەڕیندا، نوسەران چەندێک میزاجی خوێنەریان بە هێند وەرگرتووە؟
ئایا ئازادییەکانی پاش ڕاپەڕین، چ جۆرە تایبەتمەندێتییەکی بە نوسین بەخشی؟
بۆچی هەبوونی زمانێکی یەکگرتوو لەبەردەم گرفتدایە؟
ئازاد بایز، نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.