کاربەدەستانی ئەفغانستان دەڵێن لە ئاکامی ئەو بۆسەیەی چەکدارەکانی تاڵیبان نابوویانەوە، بەلانیکەم 7 پۆلیس کوژراون.
ئەو پۆلیسانە وەک کاربەدەستان دەڵێن بەشێک بوون لەو هێزی پاسەوانییەی بۆ کانە مسەکان دانرابوون لە هەرێمی لوگار.
ئەم بۆسەیەش هاوکات بووە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکەی ژەنەراڵ سکۆت میلەر، سەرکردەی لەشکریی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەفغانستان سەبارەت بە دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆک جۆو بایدن بۆ کشانەوەی ئەو هێزە سەربازییە بیانیانەی لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە.
ژەنەراڵ میلەر، دەڵێت " کارکردن بۆ گێڕانەوەی بنکە سەربازییەکان بۆ هێزە ئاسایشییەکانی ئەفغانستان و کشانەوەی سەربازەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ دەستیپێکردووە."
وتەبێژی هەرێمی لوگار دەڵێت "بێ لە کوژراوەکان، 3 کەسی تریش بریندارن لەو بۆسەیەی تاڵیباندا لە ناوچەی موحەمەد ئاغا."
وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان هەر ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاندووە "لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا تاڵیبان 6 هێرشی خۆکوژی و 62 تەقینەوەی کردووە و بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە زیاتر لە 60 کەس کوژراون و 180 کەسیش بریندارن."
لەم مانگی چوارەدا، سەرۆک جۆو بایدن ڕایگەیاند کە تەواوی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەکشێنەوە، هاوکاتی بیستەیەمین ساڵیادی هێرشە تێرۆرکارییەکانی یازدەی سەپتێمبەر و بەم هەنگاوەش کۆتایی دێت بە درێژترین شەڕی ئەمەریکا لە دەرەوەی وڵاتەکەدا.