Accessibility links

زەریف ڕەخنە لە پەیوەندی ڕوسیا و قاسم سولەیمانی دەگرێت


تۆمارێکی دەنگیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دزەی کردووە و لەو تۆمارەدا هەڵسەنگاندنێکی توند کراوە بۆ دیپلۆماسیەتی وڵاتەکەی و هەروەهاش بۆ سنوری دەسەڵاتەکان لەناو کۆماری ئیسلامیدا و ئەمەش بە ڕوانینێکی دەگمەن دادەنرێت لەناو سیستەمی ئاینیی ئێراندا.

بڵاوبوونەوەی ئەو سەرنج و تێبینیانەی موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بوونەتە مایەی هەڵکردنی گەردەلولێکی ئاگراوی لەناو ئێراندا، لە کاتێکدا کاربەدەستانی ئەو وڵاتە بە وردی وشە و دەستەواژەکانیان بەکاردەهێنن لەو ژینگە سیاسیە ڕەقەی لە ئێراندا هەیە بەهۆی هێزی نیمچە لەشکریی پاسدارانەوە کە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی سەرپەرشتی دەکات.

بڵاوبوونەوەی ئەم تۆمارە دەنگییە لە کاتێکدایە ئەگەری ئەوە هەبووە کە موحەمەد جەواد زەریف، دەشێت ببێتە کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی ئێران لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 18ی مانگی 6ی ئێراندا.

لە دەرەوەی ئێرانیش لەوانەیە ئەو تێبینیانەی زەریف کاریگەری بکەنە سەر وتووێژەکانی ڤیەننا کە بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەیەکە تا ئێران و هەروەها ئەمەریکاش وابەستەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 ببنەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکەی زەریف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هیچ مشتومڕێکی نەکردوە لەسەر ڕاستی و دروستی تۆمارە دەنگییەکە.
سەعید خەتیبزادە بە پەیامنێرانی وتووە، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە بەشێکی کەمی وتووێژێکی 7 کاتژمێرییە کە زەریف لەگەڵ ئابوریناسێکی ناوداری یەکێک لە نێوەندە ستراتیژ دانەرەکاندا کردویەتی و ئەو نێوەندەش وەک خەتیبزادە دەڵێت "پەیوەندی بە سەرۆکایەتی ئێرانەوە هەیە."

خەتیبزادە بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییە بە "نایاسایی" ناودێر دەکات و دەشڵێت ئەوەی بڵاوکراوەتەوە هەڵبژاردەیەکە و هیچی تر بەبێ ئەوەی زەریف خۆی بڵێت چۆن ئەو ڕوانینانەی بڵاو بکرێنەوە.

لەو تۆمارە دەنگییەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران وەها باس لە ڕوسیا دەکات کە دەیەوێت ڕێککەوتنە ناوکییەکە نەکرێت. پێشدەچێت ئەمە شتێکی هەستیاربێت، هەر بۆیە بەو کەسەی وتووێژەکەی لەگەڵدا کردووە دەڵێت "بەبێ هیچ چەند و چوونێک ناتوانیت ئەمە بڵاوبکەیتەوە."

ڕوسیا لەوکاتەدا پەیوەندییەکی ساردی لەگەڵ سەرۆک ئۆبامادا هەبوو کە بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەو ڕێککەوتنەی کرد لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێراندا. ڕوسیا و ئێرانیش پشێوی کەوتە پەیوەندییەکانیانەوە لە کاتێکدا لە بەرەکانی شەڕی سوریادا هاوپەیمان بوون.

لە شوێنێکی تری ئەو تۆمارە دەنگییەدا، زەریف دەڵێت "ئەگەر ئێران نەبووایە بە بەرنامەی سەرەکی لە کارنامەی بەڕێز دانۆڵد ترامپ، ئەوا چین و ڕوسیا دەبوونە بەشی سەرەکی لەو کارنامەیەدا. بەهۆی دژایەتیکردنی ڕۆژئاواوە، ئێمە هەمیشە پێویستمان بە ڕوسیا و چین هەیە، ئیتر ئەو دوو وڵاتە پێویستیان بە پێشبڕکێ نییە و هەمیشەش بەهۆی ئێمەوە گەورەترین بەرژەوەندییان بەدەستهێناوە."

هەر لەو تۆمارە دەنگییە بڵاوکراوەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەخنە و ناڕەزاییش دەردەبڕێت لە بەرامبەر پەیوەندییە تایبەتەکانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی، سەرکردەی هێزی قودس سەر بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، لەگەڵ ڕوسیادا.

قاسم سولەیمانی لە ڕۆژانی سەرەتای ساڵی 2020دا لە ئاکامی هێرشێکی ئەمەریکا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە بەغدا کوژرا

XS
SM
MD
LG