بەڕێوەبەری بەشی بەرنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاران لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بە ئاماژەدان بە تووشبونی 1820 کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی شەوێکدا لە تارانی پایتەخت، ئەو ئامارەی بە تۆمارێکی نوێ وەسف کرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لەم ڕۆژانەی دواییدا نزیکەی 450 کەس ڕۆژانە گیانیان لەدەستداوە و تێکڕای تووشبووانیش گەیشتووەتە 20 هەزار کەس لە ڕۆژێکدا.
ئەم ئامارانەی حکومەت لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە سەرچاوە سەربەخۆکان، لەوانە ئەنجومەنی پزیشکی ئێران، ئامارە ڕاستەقینەکان سێ بۆ چوار جار زیاتر لەو ئامارانە دەزانن کە حکوومەت ڕایاندەگەیەنێت.
هاوکاتی ئەمانەش پرۆسەی ڤاکسینەکردنی خەڵک بە شێوەیەکی زۆر خاو دەچێتە پێشەوە و دەوترێت تەنیا نزیکەی 1 لە سەدی دانیشتوان تاکو ئێستا ڤاکسینەکەیان وەرگرتوە و هەروەها خەڵکیش زۆر نیگەرانن لە بڵاو بوونەوەی جۆرە نوێیەکەی کۆڤیدی نوزدەوە لە ئێران.
هۆکاری دووبارە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن و تووشبوان بە کۆرۆنا دەگەڕێتەوە بۆ چی لە ئێران؟
رێگا چارەی دەباز بوون چییە لەو دۆخەی ئێستا کە زۆربەی شارەکان لە دۆخێکی مەترسیداردان بە هۆی فایرۆسەکەوە؟
وەزیری تەندروستی ئێران دەڵێت لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی چل و هەشت هەزار کەس کە هەڵگری ڤایرسی کۆرۆنا بوون بە شێوەیەکی ئازادانە بە بێ گوێدان بە کۆت و بەندە تەندروستیەکان لە ناو کۆمەڵگەدا لە هاتوچۆدا بوون، هۆکاری ئەم بێباکییەی باکی خەڵک بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
ئەگەر جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو بێتەوە لە ئێران، ئایا ئەو وڵاتە ئامادەگی هەیە بتوانێت پێشی کارەساتێکی وەک ئەوەی لە هیندوستاندا هەیە بگرێت؟
پرۆسەی ڤاکسینەکردنی خەڵک زۆر خاوە لە ئێران و وەک باس دەکەن تەنیا یەک لەسەدی خەڵک ڤاکسینەکەیان وەرگرتوە. هەوڵ و هەنگاوەکانی تر چین لەم ڕووەوە و ئایا ئێران وەک خۆی بانگەشەی دەکای دەتوانێت بە خێرایی ڤاکسینێک بەرهەم بێنێت کە خەڵکەکەی ڤاکسینە بکات؟
جیاوازی ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆرەی هێندییەکە چییە لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی پێشوودا؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بەفراو نوری لە دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردییەوە لەگەڵ دکتور ئالان فتووحی، مامۆستا و پسپۆڕی دەرمانناسی پزیشکی لە سویدەوە گفتوگۆی کردوە.