Accessibility links

موحەمەد جەواد زەریف داوای لێبوردن دەکات


وەزیری دەرەوەی ئێران "داوای لێبوردن" لە بنەماڵەی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی دەکات پاش بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکەی کە باس لە ڕۆڵی ئەو ژەنەراڵەی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەکات.

ئەو تۆمارە دەنگییەی موحەمەد جەواد زەریف، مشتومڕێکی زۆری لەناو کۆماری ئیسلامی ئێراندا دروست کرد.

ئاژانسەکانی دەنگوباس لە دەرەوەی ئێران، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ئەو تۆمارە 3 کاتژمێرییەی دەنگی زەریفیان بڵاوکردۆتەوە و تیایدا باس لە ڕۆڵی قاسم سولەیمانی دەکات لە سیاسەتی دەرەوەیی ئێراندا و دەڵێت "مەیدانە لەشکرییەکان بە پلەی یەکەم دێن لە دیپلۆماسییەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا."

قاسم سولەیمانی لە ئاکامی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکادا لە بەغدا کوژرا.

موحەمەد جەواد زەریف، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام دەنوسێت ئەو بڵاوکردنەوەیەی تۆمارە دەنگییەکەی "بۆتە مایەی بریندارکردنی هەستی بنەماڵە و دۆستانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی و بەتایبەتیش زەینەبی کچی کە وەک منداڵەکانی خۆم ئازیزە لەلام."
هەر لەو نوسینەیدا، زەریف داواشی کردووە " هیوادارم گەلی مەزنی ئێران و دۆستانی قاسم سلێمانی لێم ببورن و بەتایبەتیش بنەماڵە شکۆمەندەکەی سولەیمانی."

زەینەب سولەیمانی، ڕۆژی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، وێنەیەکی دەستی باوکی داناوە پاش کوژرانەکەی و نوسیویە "ئەمە ئەو باجەیە کە مەیدانی لەشکریی داویەتی لە پێناو دیپلۆماسیەتدا."

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت ئەو قسانەی کردوونی هیچ شتێک لە ڕۆڵی قاسم سلێمانی کەم ناکاتەوە و دەشڵێت "ئەگەر بمزانیبا وشەیەکی ئەو قسانەی بڵاودەکرێتەوە هەرگیز ئەو قسانەم نەدەکرد."

ئەو تۆمارە دەنگییە کە نزیکەی 2 مانگ بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران و هاوکاتی دانوستاندنی زلهێزەکانی جیهان لەسەر ڕێککەوتنی ناوکی بڵاوکراونەتەوە، بوونەتە مایەی ڕەخنە و ناڕەزاییەکی زۆری کۆنەپارێزان و دژەبەرانی حکومەتەکەی حەسەن ڕۆحانی.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەشێکی ئەو لێداوانەیدا دەڵێت "لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا بواری لەشکریی فەرمانڕەوایە و دیپلۆماسیەت کراوەتە قوربانیی لە پێناو بواری لەشکریدا، لە بری ئەوەی بواری لەشکریی لە خزمەت دیپلۆماسیەتدا بووایە."

حکومەتەکەی حەسەن ڕۆحانی داوای لێکۆڵینەوەی کردووە لە وەک دەڵێت "پیلان گێران بۆ دزەپێکردنی ئەو تۆمارە دەنگییە."

ئاژانسی دەنگ و باسی ئێرنا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند حوسامەدین ئاشنا، بەڕێوبەری نێوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، کە پەیوەندی بە سەرۆکایەتی ئێرانەوە هەیە و بە یەکێکیش لە کەسە نزیکەکانی ڕۆحانی دادەنرێت، دەستی لە پۆستەکەی کشاندۆتەوە پاش بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکەی زەریف.

XS
SM
MD
LG