سەرۆکی سوریا بڕیاری لێبوردنێکی گشتی دەردەکات بۆ ئەوانەی وەک دەڵێت "تاوان و سەرپێچیکردنیان" کردووە.
ئەم بڕیاری لێبوردنە گشتییە ئەوانەش دەگرێتەوە کە پیلانیان گێڕاوە بۆ ئەنجامدانی کاری تێرۆر و هێرشکردنە سەر شکۆی دەوڵەتی سوریا و سەروسەوداکردنی نایاسایی بە لیرەی سوریایی، بەڵام زۆر کەسیش ناگرێتەوە.
پێشتر بەشار ئەلئەسەد، بڕیاری لێبوردنی تری گشتی دەرکردووە و خەڵکی زیاتریشی گرتۆتەوە لەوانە بڕیارەکەی ساڵی 2014 پاش ئەوەی بۆ گەڕی سێهەمی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرایەوە و لەو بڕیارەیاندا ئەوانەشی گرتەوە کە بە یاساکانی دژە تێرۆر گوناهبار کرابوون. بەڵام لە بڕیاری لێبوردنە گشتییەکەی ساڵی 2019یدا ئەوانەی نەگرتەوە وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە "شانبەشانی دوژمنانی سوریا چەکیان هەڵگرتووە."
ئەم بڕیارە نوێیەی ئەمڕۆ یەکشەممەش بەر لە چەند هەفتەیەکە لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە ڕۆژی 26ی مانگی 5 بۆ سەرۆکایەتی سوریا بکرێت کە پێدەچێت هەر لە ئێستاوە ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی بەشار ئەلئەسەد یەکلاکرابنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی سوریا کە لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە "سەرۆکی سوریا بڕیاری ژمارە 13ی ساڵی 2021ی مۆرکردووە بۆ لێبوردنی گشتی ئەوانە دەگرێتەوە کە بەر لە ڕۆژی 2ی مانگی 5ی ساڵی 2021 تاوان و سەرپێچییان کردووە."
بەپێی ئەم لێبوردنە گشتییە تاوانەکانی پەلاماردانی شکۆی دەوڵەت و تاوانی ڕاکردن لە خزمەتی سەربازی دەگرێتەوە، بەو مەرجەی لە ماوەی 3 تا 6 مانگدا کەسی تاوانبارکراو خۆی ڕادەستی هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکە بکات.
بەپێی ئەم لێبوردنە گشتییە، سزای لەسێدارەدان بۆ هەندێک لە تاوانەکان دەگۆڕدرێن بۆ زیندانیکردنی هەتا هەتایی. لێبوردن ئەوانەش دەگرێتەوە کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و چارەسەری تەندروستییان نییە و هەروەها ئەوانەش دەگرێتەوە کە تەمەنیان گەیشتۆتە 70 ساڵی.
لەم لێبوردنە گشتیەی ئەمڕۆ یەکشەممەی سوریادا "تاوانەکانی قاچاغچێتی چەک و خیانەت و دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ دوژمنان و تاوانەکانی سوتاندن و تاوانەکانی تێرۆر ناگرێتەوە."
ئەوانەش کە بەپێی یاسای قەدەغەکردنی ئیخوانولموسلمین و یاسای قەدەغەکردنی سەروسەوداکردن لەگەڵ ئیسرائیلدا سزا دراون، ئەم لێبوردنە نایانگرێتەوە.