Accessibility links

بلینکن ئاگاهی دەدات لەبارەی وڵاتی چینەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت "وڵاتی چین کە هەروادێ و بەهێزتر دەبێت گرفت و ئاڵۆزی بۆ سەقامگیریی جیهان دروست دەکات و زیاتر سەرکوتکارانە ڕەفتار دەکات و زیاتریش شەڕانگێز بووە هاوکاتی هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی کاریگەرییەکانی."

ئەنتۆنی بلینکن، لە دیمانەکەیدا لەگەڵ بەرنامەی 60 خولەک لە کەناڵی سی بی ئێس دەڵێت "ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بینیومانە ئەوەیە کە چین لەناو وڵاتی خۆیدا زیاتر سەرکوتکردن دەکات و بۆ دەرەوەش زیاتر شەڕانگێز بووە و ئەمەش ڕاستییە."

ئەم لێدوانانەی بلینکن دوابەدوای یەکەم وتاری سەرۆک جۆو بایدن بووە لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکادا.

بایدن لەو وتارەی ڕۆژی چوارشەممەیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی "قەیرانی ناوێت لەگەڵ بێژینگدا." و دەشڵێت بە سەرۆکی وڵاتی چینی ڕاگەیاندووە "پێشبڕکێکە پێویستە لەسەر باڵادەستی بێت لە سەدەی 21دا و ئێمە لەگەڵ پێشبڕکێداین و چاومان لە قەیران نییە."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت "چین تەنها وڵاتێکە لە جیهاندا توانایی لەشکری و ئابوری و دیپلۆماسی هەیە بۆ بنکۆڵکردن یان بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیستەمی سەقامگیرییەی کە ئێمە بایەخێکی زۆری پێدەدەین و سوریشین لەسەر داکۆکی لێکردنی."

ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت "دەمەوێت لەسەر ئەم شتە زۆر ڕوون و ئاشکرا بم، ئامانجی ئێمە باڵادەستی نییە بەسەر چیندا یان ئەوەی هەوڵ بدەین بیخەینە ئاستێکی نزمەوە و پاشەکشەی پێبکەین، بەڵکو ئێمە سیستەمی سەقامگیری دەپارێزین کە وڵاتی چین مایەی هەڕەشە و مەترسییە لەسەر ئەو سیستەمە."

پشێوی و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ چیندا لە چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر بوون لە کاتێکدا ئەمەریکا کاری لەسەر جموجۆڵە لەشکرییەکانی چیندا دەکرد و هەروەهاش جەختی لە دۆسێی تۆماری مافەکانی مرۆڤ دەکردەوە، لەوانە دۆسێی کەمایەتی موسڵمانەکان لە چین و ڕەفتارەکانی چین لەگەڵ ئەم کەمایەتییەدا کە ئەمەریکا بە "کۆمەڵکوژی" ناودێری دەکات.

XS
SM
MD
LG