لە نامەیەکدا کە ئاراستەی دادگای هەولێر کراوە 29 پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان داوا لە دادگاکە دەکەن بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ پێنج لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی پارێزگای دهوک هەڵبوەشێنێتەوە. ئەندامێکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێم پێی وایە بابەتەکان یاسایین و دادگا بڕیاری خۆی داوە و دەڵێت ئێمە وەکو فڕاکسیۆنی پارتی پابەندین بە یاساکانەوە.
ڕووپاک ئەحمەد یەکێکە لەو 29 پەرلەمانتارەی کە ئەو نامەیەیان ئاراستەی دادگای هەولێر کردووە لەوبارەیەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" دەتوانرێت تانە لە بڕیاری دادگای تەمیزیش بدرێت پارێزەرەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە تانە لەو بڕیارە دەدەن و دوای مانگێک دیسان وەڵامی تانەکە دێتەوە ئەگەر ئەو وەڵامەش هەر بەو جۆرەبوو کە ئەو حوکمەی لە دادگای تەمیز دەرکراوە، ئێمە داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بە ئەرکی خۆی هەڵسێت و لێبوردنی تایبەت دەربکات چونکە بە پێی ئەو دەسەڵاتەی کە پێیدراوە دەتوانرێت لێبوردنی تایبەت دەربکات و فشاری تریش لە رێگەی کاری پەرلەمانیەوە دەگرینەبەر".
سەبارەت بە کاردانەوەی کونسوڵخانەکان لەمەڕ بڕیاری دادگای هەولێر دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە حاکم بەشدار مەجید گوتەبێژی داواکاری گشتیەوە کرد بەڵام وەڵامی نەبوو.
شوان زراری ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە بڕیاری دادگای هەولێر لەمەڕ سزادانی ئەو پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنووسە و نامەی ئەو 29 پەرلەمانتارە کە ئاراستەی دادگایان کردووە، بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" دادگای سەرەتایی کراوە و دوایی دادگای پێداچوونەوە بڕیاری خۆی داوە و بابەتەکان یاسایین و وەکو فڕاکسیۆنی پارتی لەوانەیە پابەندی یاساکان بین، ئێمە بەرەو هەڵبژاردنێکی سەرتانسەرین لە عێراق ئەو برادەرانەی تر کە لە ئۆپۆزسیۆنن یان بەشێکیان لە دەسەڵاتن ناتوانن بەو جۆرە هەڵسوکەوتانە سەرنجی خەڵک ڕابکێشن ئەو شتانە شتی کاتینە یاسا هەیە ئەگەر ئێمە لە وڵاتێک بین ئیدیعای دیموکراسیەت و یاسادانان بکەین ئەوەتە یاسا و دادگا وا کاری خۆی دەکات".
ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە لەبارەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بۆ پەسەندکردنی بڕیاری زیندانیکردنی هەردوو ڕۆژنامەوانان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری بۆ ماوەی شەش ساڵ، نوێنەری ئەو ڕێکخراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریکا دەڵێت" پـێویستە دەسەڵاتدارانی کوردی باکوری عێراق دەستبەجێ هەردوو ڕۆژنامەوانان ئازادبکەن، وە ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کردوون هەڵبوەشێننەوە، وە وازبهێنن لە هەراسانکردنی ئەندامانی ڕاگەیاندن".
لەو نامەیەدا کە 29 پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی دادگای هەولێریان کردووە تێیدا هاتووە سزادراوان لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە و پارێزەریان بۆ دابین نەکراوە و ئەو دانپێدانەی لە دۆسیەکانیاندا هاتووە لە ژێر هەڕەشەدا لێیان وەرگیراوە و هەروەها لە نامەکەشدا هاتووە سەردانی کونسوڵخانەی ئەمەریکا و ئەڵمانیا لە هەولێر و وەرگرتنی هاوکاری بۆ کار و چالاکی مەدەنی لە لایەن سزادراوانەوە بە تاوان ئەژمارکراوە لە کاتێکدا ئەمە کارێکی تەواو یاساییە.
جێی باسە دوای ئەوەی دادگای تاوانی دووی هەولێر بڕیاری سزادانی شەش ساڵ زیندانی سەپاند بۆ سەر هەریەک لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیاس کەرەم و هاریوان عیسا و شڤان سەعید، پارێزەرانی ئەو پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنووسە تانەیان لە بڕیارەی دادگا دا دواتر دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر کراو بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوەش بڕیارەکانی دادگای تاوانی دووی هەولێری پەسەندکرد بەو هۆیەوە سزای شەش ساڵ زیندانی کردن بۆ ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە دەرچوو ئەویش بە تۆمەتی ئەوەی کە کاری تێکدان و سیخۆڕیان کردووە.