دادگای باڵای تورکیا (یاگیتای) بڕیاری خۆی لەسەر ڕووداوی کوشتنی خێزانێکی کورد کە بە "کوشتنکاری ڤارتینیس" ناسراوە ڕاگەیاند و دەڵێت فەرماندەی سەربازیی شارۆچکەی کۆرکوتای موش، بولەنت کارائۆغڵوو فەرمانی کوشتنیانی داوە و سێ سەربازی تورکیشی بێتاوان ناساند.
لەو دۆسێیەدا فەرماندەی تورک کارائۆغڵوو و سەربازانی تورک بە تاوانی سوتاندنی خێزانێکی کورد لە گوندی ڤارتینیسای موش لە دووی مانگی 10 ی ساڵی 1993 تاوانبار دەکرێن .
پاش 28 ساڵ لەو ڕووداوە دادگای باڵای تورکیا بڕیارەکەی دادگای تاوانی کریکاڵی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری بێتاوانی بۆ سێ سەربازی تورک دەرکرد و ڕایگەیاند کە کارائۆغڵوو فەرمانی سوتاندنی ماڵباتی ئۆگوتی داوەو لەو ڕووداوەدا 9 کەس گیانیان لەدەستداوە لە ناویاندا 7 منداڵیش.
پاش ئەم بڕیارە جارێکی تردۆسێکە لە دادگای باڵای کریکاڵ دەستپێدەکاتەوە.
پارێزەری قوربانییەکان سەرۆکی بارۆ ( سەندیکای پارێزەران) ی موش کادیر کاراچەلیک ڕایگەیاند، داوای دەستگیکردنی کارائۆغڵوو لە دادگا دەکات و لە هەمان کاتیشدا داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری بێتاوانی سێ سەربازەکە دەکات.
ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بڕیاری دادگا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو ڕووداوە بەس نییە، بەڵام لە هەمانکاتدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی بە دەسکیسەی لەشکری تورکیا کراوە گرنگە."
بەپێی یاسای تورکیا دەبێت لە ماوەی 30 ساڵدا ئەو جۆرە دۆسێیانە یەکلا بکرێنەوە. 28 ساڵ بەسەر ڕووداوەکەی ڤارتینیسدا تپێپەڕ بووە. کاراچەلیک دەشڵێت ترسیان لەوە هەیە پرۆسەی دادگاییکردن درێژبکرێتەوە و دۆسیەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.
پەرلەمانتاری ئەوکاتەی پارتی دیموکراسی DEP سری ساکیک، کە ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەم ڕووداوە ئامادە کردبوو، گوتی بەداخەوە ڕووداوی لەو جۆرە بەبێ سزادان تێپەڕ دەبن. ئەو گوتیشی " لە ساڵانی نەوەدەکاندا 3،500 گوندی کوردان سوتێندران. کاتێک قوربانییەکە کورد بێت، ئەوا یان بکوژەکە نادۆزرێتەوە یان بێتاوان دەردەچێت. یانیش بەهۆی دادگاییەکانەوە دۆسێکان درێژ دەکرێنەوە و پاشان هەڵدەوەشێندرێنەوە."
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە بەم شێوەیە باسی لە کاتی ڕووداوەکە کرد " داوام لە کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی پەرلەمانی تورکیا کرد، کە پێکەوە بچینە شوێنی ڕوداوەکە، بەڵام نەهاتن. من بە تەنها چووم بۆ گوندی ڤارتینیس و تەرمی منداڵە سوتاوەکانم لە ماڵە سوتاوەکەدا دەرکرد. هەمو کەس دەڵێن لەو ڕووداوەدا 9 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام خانمی ماڵەکە دووگیان بوو و کۆرپەلەکەی سکیشی گیانی لەدەستدابوو. تا تەرمی 10 کەسمان بەخاک سپارد، هەمان ڕۆژ سەربازانی سوپای تورک هەڵیانکوتایە سەر گوندەکەمان و 5 خزمی منیان لە خانوویەکدا سوتاند."