Accessibility links

وردەكاری دۆسێی چالاكوان و ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای دهۆك


دادگای هەولێر؛ فۆتۆی ئەحمەد زێباری
دادگای هەولێر؛ فۆتۆی ئەحمەد زێباری

دۆسیەی دەستگیركراوانی چالاكوانانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای دهۆك تا دێت فراوانتر دەبێت لەئاستی باڵای هەرێمی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەری ڕاگەیەندراو و ڕوونكردنەوەیان لەوبارەیەوە بڵاوكردووەتەوە، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە كاربەدەستان و سیاسەتمەداران و ئەندامانی حزبەكانی هەرێمی كوردستانیش لەسەر ئەو دۆسێیە ناڕەزایەتی و بۆچوونی جیاجیا و دژ بە یەكیان خستووەتەڕوو، بەشێك لە خەڵكیش پێیان وایە تێكەڵكردن و باسكردنی كۆمەڵێك دۆسێ بە تایبەتی لە نێوان پارتە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمدا پەیوەندی بەو ململانێ سیاسیەی نێوانیان هەیە كە چەندین ساڵە بەردەوامە و بوونی هەیە لەسەر دۆسیە و كێشەی جۆراوجۆر.

شۆڕش غەفوری چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" ئێمە لە ژینگەیەكی تایبەتدا دەژین كە بە بەردەوامی لەناو شڵەژانێكی دەروونی سیاسیدا دەژین بۆیە كاتێك ڕەخنەیەكی جدی لە حزبێك دەگریت ئەوا لە بری چارەسەركردن یان وەڵامدانەوەی ڕەخنەكە یان بنكۆڵكردنی كێشەكە ڕاستەوخۆ پەلاماری حاڵەتیكی دیكە دەدرێت ئەمانە بوونەتە جۆرێك لە نەریت كە ناتوانیت ڕەخنەیەكی سیاسی ئاڕاستەی لایەنێكی سیاسی بكەیت".

مێڤان سەعید برای چالاكوان شڤان سەعید بۆ دەنگی ئەمەریكا باسی دوایین زانیاری دەکات لەسەر براكەی و دۆسێیەكە و ئەو دۆخ و ململانێیە سیاسیەی كە ئێستا هاتووەتە ئاراوە و دەڵێت" داواكاری ئێمە ئەوەیە كە دادگای تەمیز خۆی دوربخات لە دەستێوەردانی حزبی و كەسانی سیاسی و بڕیارێكی سەربەخۆ بدات، بۆ هەموو لایەنێكیش ئەم كەیسە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار نەهێنن چونكە نزیك بووینەتەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان هەندێك كەس خۆیان بە خاوەنی دەزانن زیاتر وەكو مادەیەكی هەڵبژاردنەكان و بانگەشەیە."

كەی بۆ دواجار شڤان سەعید پەیوەندی بە خانەوادەكەیەوە كردووە؟

مێڤان سەعید لەوبارەیەوە دەڵێت ڕۆژی شەممە پەیوەندی کردووە و دەشڵێت " هەر تەنها پرسیاری ڕۆتینی كردووە چۆنن و باشن، ماڵەوەش زۆر پرسیاریان لێكردووە بەڵام وەڵامی نەبوو چونكە لە سەر سەری وەستاون و وتی ئەو پرسیارانە مەكەن چونكە تلیفۆنەكە دادەخرێت".

سەبارەت بە دوا بڕیار و زانیاری لەسەر كەیسی دەستگیركراوانی پارێزگای دهۆك.

هەرێم ڕەفعەت، یەكێكە لە تیمی پارێزەرانی ئەم دۆسێیە و بە دەنگی ئەمەریكای وت" هێشتا بڕیاری یەكلاكەرەوە دەرنەچووە چونكە دوو ڕێكار ماون ئەوانیش ڕاستكردنەوەی بڕیارەكەیە و دەستەی گشتییە، و ئومێدێکیش هەیە چونکە ئەنجومەنی دادوەری ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە كە دەڵێت" هێشتا ڕێكار ماون و كۆتایی نەهاتووە."

هەروەها ئەو پارێزەرە دەڵێت" داواكاریەكمان پێشكەش بە سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم كرد بۆ دەستەی گشتی، لە دەستەی گشتی هەموو دادوەرەكان لەسەری دادەنیشن لە جیاتی ڕای پێنج دادوەر ڕای دە دادوەر هەیە".

جێی باسە هەریەك لە چالاكوان و ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیاس كەرەم و هاریوان عیسا و شڤان سەعید لە لایەن دادگای تاوانی دووی هەولێر بە تۆمەتی ئەوەی كە هەوڵی تێكدان و كاری سیخوڕییان كردووە بڕیاری شەش ساڵ زیندانی کردنیان بەسەردا سەپێندرا، دواتر پارێزەرانی ئەو دەستگیركراوانە تانەیان لە بڕیارەكە دا و ڕەوانەی دادگای تەمیز كرا دادگای تەمیزیش بڕیارەكانی دادگای تاوانی دووی هەولێری پەسەند كرد.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:10 0:00


XS
SM
MD
LG