Accessibility links

نیگەرانی لە بە سەربازیکردنی سیاسەت هەیە لە ئێراندا


ژمارەیەک لەو کەسایەتییە لەشکریانەی ناویان لە لیستی کاندیدکراواندایە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بوونەتە مایەی نیگەرانی ئێرانییەکان لەسەر ئەوەی دەشێت ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی بە سەربازی کردنی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی.

تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 18ی مانگی 6ی سەرۆکایەتی ئێران، لە ڕۆژی سێشەممەوە دەستپێدەکات و تا ڕۆژی شەممە دەخایەنێت، دواتر ئەو ناوانە دەخرێنە بەردەم ئەنجومەنی نیگەهبانەوە کە کۆنەپارێزانی ئێران تیایدا دەسەڵاتدارن، تا هەڵسەنگاندن بۆ کاندیدەکان بکرێن و ئەوجا ناوی کاندیدەکان ئاشکرا بکرێن.

ئێرنا، ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی ئێران، ئاماژەی بەوە کردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئێران زۆرترین ژمارەی ناو کە پاشخانی لەشکرییان هەیە خۆیان ناونوس کردووە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئێراندا.

ئەحمەد زەیدابادی، ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ لە تاران دەڵێت "بەشداریکردنی کاندیدەکانی پاشخانێکی لەشکریانەیان هەیە شتێکی نوێ نییە لە ئێراندا."

بەڵام سەید حەبیب تورکاشڤاند، ڕۆژنامەوان لە ئاژانسی دەنگوباسی فارس کە نزیکە لە کۆنەپارێزە توندڕەوەکانی ئێرانەوە، ئاماژە بەوە دەکات، هیچ یەکێک لەو کاندیدانەی پاشخانێکی لەشکرییان هەیە لە ئێستادا لەناو هێزە لەشکرییەکاندا کار ناکەن.

بۆ ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی ئێران، ژمارەیەک ناو هەن دەشێت هیوایان هەبێت کاندید بکرێن وسەرکەوتنیش بەدەستبێنن لە هەڵبژاردندا، لەوانە؛ سەعید موحەمەد، ڕاوێژکاری ژەنەراڵ حوسەین سەلامی، سەرکردەی هێزی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، هەروەهاش ئەدمێراڵ ڕۆستەم قاسمی، وەزیری پێشووی نەوت و یاریدەدەری ئێستای کاروباری ئابوری سەرکردەی هێزی قودس، کە سەر بە پاسدارانە.

موحەمەد باقڕ قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و هەروەهاش عەلی لاریجانی کە پێشتر سەرۆکی پەرلەمان بووە، هەردووکیان سەر بە هێزەکانی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بوون و لە ساڵانی ڕابردوودا خۆیان بۆ سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان کاندید کردبوو. بە هەمان شێوەش، ئەدمێراڵ عەلی شامخانی، سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی.

ئەم 3 کەسە وەها باس دەکرێن کە دەشێت بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئێران ببنە کاندید، هەرچەندە هێشتا خۆیان ڕایاننەگەیاندووە.

XS
SM
MD
LG