Accessibility links

سەرۆکی پرۆژەی عەرەبی: پێویستە عەرەبیش هاوشێوەی تورکمان و لایەنەکانی تر، نوێنەری هەبێت لەنێو پەرلەمان و حکومەتی هەرێمدا


سەرۆکی پرۆژەی عەرەبی لەپارێزگای کەرکوک ئاماژەبەوە دەکات، دانیشتوانی کەرکوک بەسەرجەم پێکهاتەکانەوە متمانەیان بە حیزبەکان نەماوە، هۆکارەکەشی بۆ تێوەگلانی حیزبەکان لە ناکۆکی تایەفی و دانەنانی خەڵکی باش لە پۆستەکاندا دەگێڕێتەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێخ ڕەعد عوبەیدی سەرۆکی پرۆژەی عەرەبی لەکەرکوک کە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، دەڵێت"توندکردنەوەیەکی ڕوون هەیە لە نێو لیستە عەرەبیەکاندا، بۆیە یەک نەبووین و بەلیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکەین، ئەمە مانای ئەوەش نیە لیست و پێکهاتەکانی تریش ناکۆکیان تێدا نەبێت، هۆکاری جیایی لەنێو ماڵی عەرەبی سوننەدا، بێگومان بەرژەوەندی تایبەتە، پاڵپێوەنانیش هەیە، تا عەرەبی سوننە یەک نەبێت و سەنگی نەبێت لەپەرلەمانی عێراق."

عەرەبی سوننە لەکەرکوک بەسەرووی 8 لیست بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات، سێ کورسی پارێزگاکە لە بازنەی خۆراوای کەرکوک بۆ ئەم پێکهاتە یەکلایی بووەتەوە، بەڵام سەرباری پەرتەوازەییان، خۆیان کار بۆ بەدەستهێنانی کورسی چوارەمیش دەکەن.

دەربارەی ڕای عەرەبی سوننە بەرامبەر گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکوک، شێخ ڕەعد عوبەیدی، وتی"مادام پارتی دیموکرات لەبەغدا کاردەکات، مافی کارکردنیشیان لە کەرکوک هەیە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوونی هەیە و نوێنەری لەنێو حکومەت و پەرلەمان هەیە، هەروەها پارتی دیموکراتیش نوێنەری لە نێو حکومەت و پەرلەمان هەیەو لەبەغدا کاردەکات، بۆیە هیچ لاریەک نیە، بارەگایان لەکەرکوک هەبێت، بەڵام بارەگا تەنها بۆ کاری حیزبی، نەک کاری سەربازی و ئەمنی."

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێخ ڕەعد عوبەیدی سەرۆکی پرۆژەی عەرەبی لەکەرکوک، گەڕانەوەی پێشمەرگەی بۆ کەرکوک ڕەتکردەوە بێ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕابردووی پارێزگاکە، وتی"گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕابردوو، کێشەی تر لەنێو کۆمەڵگای کەرکوکدا دروست دەکات، پێشمەرگەش قوربانی داوە و بەرگری لەکەرکوک کردووە، بەڵام دەبێت چارەسەری ئەو هەڵانە بکرێت لەڕابردوو ڕوویاندا، دەبێت لایەنی بەرامبەر دان بەو هەڵانەدا بنێت بەرامبەر عەرەبی سوننە ئەنجامیدا، هەر لە وێران کردنی گوندەکان و دەستگیرکردنی خەڵکی عەرەب."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەرۆکی پرۆژەی عەرەبی لەکەرکوک، بەپێویستی زانی هاوشێوەی تورکمان و پێکهاتەکانی تر، عەرەبی سوننەش نوێنەریان هەبێت لەنێو پەرلەمان و حکومەتی هەرێمدا، وتی" نەتوانراوە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی عەرەبی سوننە بکرێت، ئەگینا دەبێت دەستپێشخەری بکرێت بۆ دانانی نوێنەری عەرەبیش لەنێو پەرلەمان و حکومەتی هەرێمدا."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:03 0:00



XS
SM
MD
LG