ژمارەیەک لە چالاکوانانی هەڵەبجە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی رەمەزاندا، بە بەرزکردنەوەی دروشم و کۆبوونەوە لەناوبازڕی هەڵەبجە داوای ئازاد کردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی دهۆکیان کرد وڕایانگەیاند پاڵپشتیەکی نێودەوڵەتی بۆ کەیسی گیراوان دروست بووە، پێویستە سومعەی کورد لەژیر قەراری تاکلایەنانەی دەسەڵاتی سیاسیدا لەکەدار نەکرێت و گیراوەکان ئازادبکرێن.
محمد حەمەڕەزا بەناوی چالاکوانەکانەوە لە کونفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ مەڕاسیمی جەژنمان هێنایە ئێرە و و سڵاوی خۆڕاگیری بۆگیراوانی بادینان دەنێرین، دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانە لە کاتێکدایە دەیان پیاوکوژ و ئەنفالچی و ستەم کار لە دەسەڵاتی کوردیدا جێگەی کراوەتەوە، بەڵام ئەم هەڵوێستەی دەسەڵاتی کوردی و گوێنەگرتن لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، مەترسی گەورەن لەسەر دەسەڵاتی کوردیو ڕۆژێک دێت ئەوانەی ئەوانیان دەستگیرکردوە دەبێت دادگایی بکرێن ".
سۆران حەسەن یەکێکی تر لە چالاکوانەکان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندا "هیچ بیانویەک نییە بۆدەستگیرکردنی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانە و داوا لە نەتەوەیەگرتووەکان دەکەین، هەوڵی جدی بدات بۆ ئازادکردنیان و دواین داواکاریشمان بۆ دەسەڵاتی دادوەری کوردستان ئەوەیە پێداچوونەوە بە دۆسیەی دەستگیرکراوەکاندا بکات و ئەوانە ئازدا بکات، کە بە بێ بەڵگە دەستگیر کراون" .
گردبوونەوەکە لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک گردبوونەوەی دیکە لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ پێداچوونەوە بە کەیسی دەستگیر کراوەکان لەبەردەم دادگای هەڵەبجە ئەنجام دراون، هاوکات لەسەر ئاستی ووڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و تایبەتەکان بە ئازادی ڕوژنامەگەری داوای پیداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی سزا بەسەر گیراوەکاندا دەکرێت، بەڵام تاوەک ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دادگا نەدراوە.
جێی باسە هەریەک لە چالاكوان و ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیاس كەرەم و هاریوان عیسا و شڤان سەعید لە لایەن دادگای تاوانی دووی هەولێر بە تۆمەتی ئەوەی كە هەوڵی تێكدان و كاری سیخوڕییان كردووە بڕیاری شەش ساڵ زیندانی کردنیان بەسەردا سەپێندرا، دواتر پارێزەرانی ئەو دەستگیركراوانە تانەیان لە بڕیارەكە دا و ڕەوانەی دادگای تەمیز كرا دادگای تەمیزیش بڕیارەكانی دادگای تاوانی دووی هەولێری پەسەند كرد. ئەم بڕیارەش کاردانەوەی زۆری ناوخۆی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لێکەوتەوە.
دادگای پێداچوونەوەو ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانی عێڕاق لە هەفتەی ڕابردوو ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر دۆسێکە بڵاو کردەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەیاندا ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچوونەوە جەختیان لەوە کردەوە کە لە هەمو قۆناغەکانی دادگایی کردن و بڕیاردان لەسەر دۆسێکە پشتیان بە زانیاری و بەڵگەی دروست بەستەووە و ڕایانگەیاند " بەوپەڕی پیشەیی و سەربەخۆیانە و بێلایەنانە مامەڵەمان کردووە."
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەر لە هەفتەی ڕابردوو ڕاگەیاندنێکی بڵاو کردەوەو تیایدا گوتی سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیە لە حکومەت ، بۆیە حکومەت بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەستوەردان لە کاروباری دادگاکاندا بکات.