توێژەرێکی ئابووری لەناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، زانیاری ورد لەبارەی پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و چۆنیەتی هەناردەکردنی نەوتەکە بەخاکی تورکیادا بۆ دەنگی ئەمەریکا داخاتەڕوو، ئاماژەبەوەدەکات نەوتی هەرێم بە نافەرمی لە بازاڕە جیهانیەکان دا ساغ دەکرێتەوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد حسەین دەڵێت"ڕێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان هەرێم و تورکیادا هەیە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 2013 و پێشتریش، بەپێی ڕێککەوتنەکە، تورکیا ڕێگە بەهەرێم دەدات نەوتەکەی لەڕێگەی بۆری عێراق/ تورکیاوە بفرۆشێت، کە بۆریەکە شەراکەتی هەردوو وڵاتی تێدایە و بەناوخاکی تورکیادا تێپەڕ دەبێت،ئەم ڕێگەپێدانەی تورکیا پێچەوانەی ڕێککەوتنی عێراق/ تورکیابوو، بۆیە تورکیا توشی زۆر کێشەی یاسایی بوو."
ڕوونیشیکردەوە لەبەر ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و تورکیا، هەرێم دەروازەیەکی بۆ دەستگەیشتنە بازاڕی جیهانی بۆ دروستبووە، دەتوانێت بەندەری جەیهان بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی بەکاربهێنێت و لەوێشەوە نەوتەکە ڕادەستی کڕیارەکانی بکات، بازاڕی فرۆشتنی نەوتی هەرێم فەرمی نیە، وەکو دەوڵەتێکی خاوەن نەوت، ئەم بازاڕەی هەرێم نەوتەکەی تێدا ساغ دەکاتەوە، ڕێکخراوە لەلایەن کۆمەڵێک بازرگانی نێوانگیر لەنێوان هەرێم و کڕیارانی نەوتەکەی.
لەبارەی چۆنیەتی سود وەرگرتنی تورکیا لە نەوتی هەرێم کە بەناو خاکەکەیدا تێپەڕدەبێت، توێژەرە ئابووریەکە ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا دوو جۆر باج و ڕسومات لەهەرێم وەردەگرێت، گومرگ وەردەگرێت لە فرۆشی ئەو نەوتەی بەناو خاکەکەیدا دەڕوات بۆ بەندەری جەیهان، هەروەها بەهۆی سودوەرگرتنی هەرێم لە خەزانەکانی تورکیا، دیسانەوە باج و ڕسومات وەردەگرێت، واتە تورکیا سودمەندە لەڕووی ئابووریەوە لە نەوتی هەرێم وتی" مەسەلەکە تەنها پارە پەیدا کردن نیە، تورکیا بەهۆی نەوتی هەرێمەوە نفوزی خۆی لەناو بازاڕی وزەدا زیادکردووە، نەک تەنها نەوتی هەرێم، بەڵکو نەوتی کەرکوکیش دەبرێتە فیشخاپور و لەوێوە بەناو تورکیادا هەناردە دەکرێت."
محەمەد حسەین، زانیاری وردیشی لەبارەی ئەو کۆمپانیایانەوە خستەڕوو کە نەوتی هەرێم ساغ دەکەنەوە، باسیلەوەکرد چەند کۆمپانیایەک کە ئیشی بەبازاڕ کردن و گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی نەوت ڕێکدەخەن بۆ هەرێم، ئەم کۆمپانیایانە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە، دەچن کڕیار دەدۆزنەوە بۆ نەوتی هەرێم، هەروەها پرۆسەی تەحویل کردن و ئاڵوگۆڕکردنی داهاتی نەوتی هەرێمیش هەر لەڕێگەی ئەم کۆمپانیایانەوە دەگاتە دەست حکومەتی هەرێم، وتی"ئەم کۆمپانیایانە لەناوەندی ڕۆژنامەگەری کوردی دا بە دەڵاڵ ناودەبرێن، ئینجا زۆر وڵات نەوتی هەرێم دەکڕن، لەوانە ئیسرائیل، ئیتالیا، هەنگاریا و ئیسپانیا و زۆر وڵاتی تریش."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد حسەین توێژەری ئابووری لە ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، ئەوەشی خستەڕوو عێراق لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم سکاڵای لەدادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر تورکیا تۆمارکردووە، کە هەردوو وڵات پابەندن بەبڕیارەکانی ئەم دادگایەوە، بڕیاربوو لە ڕۆژی 21/4/2021 دادگا بڕیاری کۆتایی بدایە، بەڵام پێدەچێت هەندێک ڕێککەوتن و حساباتی سیاسی، دانیشتنەکەی دواخستبێت.