خوێندکاران و قوتابیان دەگەڕێنەوە بۆ نێو هۆڵەکانی خوێندن و درێژە بە خوێندنی ئەمساڵی خۆیان دەدەن، سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی دەڵێت" خوێندنی ئەلیکترۆنی سەرکەوتونەبوو و دەبوایە بیر لە پلان و ڕێگە چارەی باشتر بکردریاتەوە تا خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێت و وەزارەتی پەروەردە بیری لەوەکردووەتەوە بابەتەکان کورت بکاتەوە ئەم کورتکردنەوەیەش کاریگەری بەسەر کۆی پرۆگرامەکانی داهاتووی خوێندن دەبێت".
عیسا حوسێن سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و لە لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" 16ی مانگی 5 دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەڕووی خوێندکاران دەکرێتەوە بەڵام بە رێکاری تەندروستی توند و تاکید لە بەستنی ماسک کراوەتەوە، پاش دابڕانێکی زۆر کە وەزارەتی پەروەردە زیاتر بە شێوەی ئەلیکترۆنی خوێندنی بەڕێوە دەبرد بەڵام ئەو خوێندنە ئەلیکترۆنیە دیارە نەیتوانی ئامانجەکەی خۆی بپێکێت و ببێتە بەدیل بۆ خوێندنی ناو پۆل بۆیە ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە ڕاگەیەنڕاویکی دەرکرد کە سبەی دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن دەکرێتەوە، بابەتەکانی خوێندنیش کورتکراونەتەوە و خوێندنگاکانیش ئاگادارکراونەتەوە کە رێکاری تەندروستی توند بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیانی مامۆستا و قوتابیان".
ناوبراو دەشڵێت "بەدیلی وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە کە نزیکەی پێنج هەفتەی تر بخوێندرێت و 22ی مانگی 6 تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووهەم دەستپێدەکات ئەمە بەحساب بەدیلە بەڵام ئێمە پێمان وایە ئەمە بەس نییە و وەزارەتی پەروەردە درەنگ کەوت. دەکرا رێگەچارە و پلانی باشتر لە سەری ساڵەوە هەبووایە، ئەگەر لە سەرەتای ساڵ واتا مانگی نۆ سێ ڕۆژ خوێندن هەبوایە بابەتەکان ئەوەندە نەدەفەوتان و ئێستاش وەزارەتی پەروەردە بیری لەوە کردووەتەوە بابەتەکان کورت بکاتەوە ئەم کورتکردنەوەیەش کاریگەری بەسەر کۆی پرۆگرامەکانی داهاتووی خوێندن دەبێت دواتر ئێمە چارەنوسی ئەو نەخۆشیە نازانین و خوێندن هەروا بە پچڕ پچڕی ناکرێت بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم، وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بیر لە پلانی توکمەتر و رێگە چارەی باشتر بکاتەوە بۆ ئەوەی خوێندن لە کوردستان نەفەوتێت".
لەمیانەی وتووێژەکەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا عیسا حوسێن سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و لە لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لەسەرەتای دەوامەوە دوو تا سێ پێشنیارمان بە وەزارەتی پەروەدە دا کە خوێندن لەناو پۆلەکان بەردەوام بێت بەڵام بە رێکاری تەندروستی توند هەروەها ڕۆژێک نا ڕۆژێک بۆ ئەوەی قەڵەبالغی دروست نەبێت واتا ئەگەر خوێندنگایەک بۆ نموونە 500 خوێندکار و قوتابی هەبێت دەکرا ڕۆژێک نا ڕۆژێک واتا 250 خوێندکار بێتەوە بۆ ئەوەی قەڵەبالغیەکە کەمتربێتەوە بەڵام بە داخەوە نەکرا و زیاتر هانا بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی بردرا بەداخەوە ڕێگەی ئەلیکترۆنیش نەیتوانی ئامانجەکە بپێکێت و تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو نەبوو بۆیە تاکە شت هەر دیسان حکومەت یان وەزارەتی پەروەردە ڕێگای ئەوەیان گرتەبەر کە ڕۆژێک نا ڕۆژێک بێت، ئێمە سەرەتا پلانی ئەوەمان هەبوو کە ڕۆژێک نا ڕۆژێک بێت و لەگەڵ ئەوەش نەبووین کە ساڵەکە بفەوتێت چونکە فەوتانی ساڵەکە زیانێکی زۆر بە پرۆسەی خوێندن و لە هەموو خانەوادەیەک دەگەیەنێت".